رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، گورزیان لە گردبوونەوەیەکی گەورەی هێزە هێرشکارەکانی حکومەت وەشاندووە، دامەزراوە پزیشکییەکانیش لەژێر تۆپباراندان.
ئێوارەی هەینی 09-01-2026 ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، "شەڕڤانەکانمان گردبوونەوەیەکی گەورەی گرووپ و میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشقیان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود کردە ئامانج."
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو هێرشەدا "برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری هێزە هێرشکارەکان پشتڕاست کراوەتەوە."
ئاسایشی حەلەب دۆخەکە بە "شەڕێکی تووند" وەسف دەکات و دەڵێت، "پێکدادانەکان بە تووندی بەردەوامن، لە سایەی تۆپبارانێکی چڕ و بەردەوام، کە ئەو میلیشیایانە دەیکەنە سەر هەموو ناوچە نیشتەجێبووەکان، بە نەخۆشخانە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیشەوە."
دیمەنی مەیدانیی حەلەب لەنێوان دوو گەڕەکە سەرەکییەکەدا (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) جیاوازیی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی دوایین راگەیێندراوی ئاسایش، شەڕ لەم گەڕەکە زۆر سەختە. سوپای عەرەبیی سووریا هەوڵی پێشڕەوی دەدات و تۆپبارانی چڕ دەکات، ئاسایشیش وەڵام دەداتەوە و باسی پێکان و بریندارکردنی هێزەکانی حکومەت دەکات.
ئەمڕۆ سوپای عەرەبیی سووریا نەخشەی شوێنێکی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی لێدانی کرد. ئاسایش رایگەیاند ئەوە "نەخۆشخانەی خالید فەجر"ـە.
لە راگەیێندراوە نوێیەکەدا، ئاسایش جەخت دەکاتەوە کە "نەخۆشخانەکان" ئێستا لەژێر تۆپبارانی چڕی هێزەکانی حکومەتدان.
نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) پێشتر رایگەیاندبوو 4 نەخۆشخانە لە حەلەب لەکار کەوتوون.
بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕ لە شێخ مەقسوود و داخستنی گەڕەکەکە وەک "ناوچەی سەربازی،" ژیانی ئەو سڤیلانەی ماونەتەوە لە مەترسیی گەورەدایە. ئامارەکان باس لە ئاوارەبوونی 150 هەزار کەس دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ