رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، ئەو شوێنەی کە لە نەخشەکاندا بە "ژمارە 12" دیاری کرابوو، بۆردوومان کراوە و لەنێوبراوە. بانگەشەی ئەوەش دەکات، شوێنەکە کۆگەی چەک بووە، نەک شوێنی سڤیل.
شەوی هەینی 09-01-2026 عاسم غەلیون، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، "شوێنی ژمارە 12 لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب، کە پێشتر لە رێگەی شاشە و سەکۆکانەوە بڵاوکرابووەوە، وێران کرا."
غەلیون بانگەشەی ئەوە دەکات، "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، کۆگەیەکی گەورەی تەقەمەنیی رێکخراوی هەسەدە و رێکخراوی پەکەکە (PKK) بووە."
بەرپرسەکە بەرگری لە ستراتیژیی سوپای وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "ئەوەی سوپای عەرەبیی سووریا کردی لە کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی و درێژکردنەوەی مۆڵەتەکان بۆ چەندین جار، هەروەها بڵاوکردنەوەی ئەم نەخشانە، لەپێناو پاراستنی سڤیلەکان و دابینکردنی ئاسایشیان بووە، نەک بەپێچەوانەوە."
لە بەرامبەردا، غەلیون هەسەدە و پەکەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی "بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی خەڵکی حەلەب و کوشتن و بریندارکردنیان."
پێشتر کاتێک سوپا نەخشەکانی بڵاوکردەوە، ئاسایشی حەلەب رایگەیاند یەکێک لەو خاڵانە "نەخۆشخانەی خالید فەجر"ـە و بەئامانجگرتنی بە "تاوانی جەنگ" وەسف کرد. لە دوایین راگەیێندراویشدا ئاسایش رایگەیاند، "نەخۆشخانە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان" لەژێر تۆپباراندان.
شێخ مەقسوود وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" راگەیێندراوە. شەڕی زەوینی و هەوڵی پێشڕەوی بە تانک لە شێخ مەقسوود بەردەوامە و ئاسایش باسی بەرگری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ