سوپای سووریا کوژرانی سێ سەرباز و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی لە شێخ مەقسوود راگەیاند

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن هەسەدە حەلەب ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای شکستهێنانی ئاگربەست لە حەلەب، سوپای سووریا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود راگەیاند و هێزە کوردییەکان بە کوشتنی سەربازانی تۆمەتبار دەکات. لە بەرامبەردا مەسەدە بە رووداوی راگەیاند، سوپای عەرەبی سووریا نەخۆشخانەیەکی بەسەر بریندارەکاندا رووخاندووە.
 
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتانەی بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) درابوو لە نێو گەڕەکی شێخ مەقسوود، کە مەبەست لێی هێزەکانی ئاسایشی گەڕە کوردنشینەکانی حەلەبە، "دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی گەڕەکەکە لە هەسەدە رادەگەیێنین."
 
سوپای سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، هەر کاتێک ئۆپەراسیۆنەکەیان کۆتایی هات، گەڕەکەکە رادەستی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی سەر بە دیمەشق دەکرێتەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە کارەکانیان بکەن.
 
سوپا: هەسەدە پاسی گواستنەوەی چەکدارەکانی کردە ئامانج
 
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لەبارەی هۆکاری دەستپێکردنەوەی شەڕ دەڵێت: "سوپا هەوڵیدا بۆ راگرتنی تاوانەکانی هەسەدە رێککەوتنێک بکات کە بەپێی ئەو رێککەوتنە چەکدارەکانیان بە چەکەکانیانەوە بچنە دەرەوە، بەڵام هەسەدە سێ جار پاسەکانیان کردە ئامانج و بۆردوومانی پێگەکانی سوپا و سەربازانیان کرد."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپا، بەهۆی ئەو هێرشانەوە "سێ سەربازیان کوژراوە و زیاتر لە 12 سەربازی دیکەشیان بریندار بوون.
 
سوپای سووریا هەسەدە بە پەیڕەوکردنی "سیاسەتی خاوەخاوکردن و کات کوشتن" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەوان پێگەی سڤیلیان پێش سەربازی بۆردوومان کردووە، بۆیە "دەرفەتی بەردەوامبوون لە هەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەو رێکخراوە کەمبووەتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سوپای عەرەبیی سووریدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە "ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی پەکەکە لە گەڕەکی شێخ مەقسوودن" و دەڵێت: "ئەو تاوانبارانە بەشداربوون لەگەڵ هەسەدە لە کوشتنی زیاتر لە 10 گەنجی کورد کە رەتیانکردووەتەوە لەگەڵیان بجه‌نگن و دواتر بۆ چاوترساندنی خەڵک تەرمەکانیان سووتاندوون."
 
مەسەدە: حکومەت نەخۆشخانەی خالیدی رووخاند
 
لەلایەکی دیکەوە حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) قسەکانی سوپای سووریا رەتدەکاتەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لایەنی بەرامبەر (هێزەکانی حکومەت) پابەندی راگەیاندنی ئاگربەست نەبوو؛ بە پێچەوانەوە، بە چەکی قورس، مووشەک و تانک، نەخۆشخانە، ماڵ و دووکانەکانیان کردە ئامانج."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی مەسەدە، زیانی گیانی زۆر هەیە و گوتی: "نەخۆشخانەی خالید بەسەر ئەو بریندارانەدا رووخێنرا کە تێیدا بوون."
 
حەسەن محەممەد عەلی ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت لە کاتی راگەیاندنی ئاگربەستەکەشدا هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب نەوەستاون و گوتی: "دوو پزیشک و پێنج گەنج لە گەڕەکی ئەشرەفییە لە کاتی راگەیاندنی ئاگربەستەکەدا کوژران."
 
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی شەڕ، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە بۆ رووداو گوتی: "پێویستە گوشاری نێودەوڵەتی هەبێت؛ پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکی و فەرەنسییەکاندا هەیە بۆ راگرتنی دەستبەجێ و مسۆگەری شەڕ، دواتریش دەستپێکردنی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێگەچارەی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی گەڕەکەکان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە