رووداو دیجیتاڵ
فۆزا یوسف، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دەڵێت، هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە تۆپ و درۆن نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجریان لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب کردووەتە ئامانج و لەکاریان خستووە.
هاوسەرۆکی پەیەدە هێرشەکە بە "تاوانی جەنگ" ناودەبات.
بە گوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی پێنجشەممە هێزەکانی حکومەت هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، بەو هۆیەوە کارکردن لە نەخۆشخانەکەدا وەستاوە.
فۆزا یوسف، لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و گوتی، ئەو گرووپانەی هێرشەکەیان کردووە "چەکدارانی پێشووی داعش"یان تێدایە و نەخۆشخانەکەیان کردووەتە ئامانج کە چارەسەری بریندارانی سڤیل و شەڕڤانانی دەکرد.
فۆزا یوسف هێرشەکانی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان لە سایەی بێدەنگیی جیهاندا وەسف کرد.
نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر، ناوەندی سەرەکیی پزیشکییە لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. لە دوای سەرهەڵدانی پێکدادانەکان لە 6ی ئەم مانگەوە، نەخۆشخانەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە چەندین جار تۆپباران کراوە. دیمەن و راپۆرتە خۆجێییەکان دەریدەخەن زیانی گەورە بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە و کارمەندانی پزیشکیش لەنێو کوژراو و برینداراندان.
لە 6ـی کانوونی دووەمەوە شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس لە هەردوولا. میدیای فەرمیی سووریا هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی نەخۆشخانە و ناوچە نیشتەجێبووەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت دەکاتە ئامانج، لە بەرامبەردا هەسەدە و ئەنجوومەنی گەڕەکەکان دەڵێن "میلیشیاکان"ی سەر بە حکومەت بۆردوومانی کوێرانەی گەڕەکە کوردییەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ