ئاسایشی خۆسەر: بەهۆی تۆپباران لە دێر حافر منداڵێک و بەساڵاچوویەک گیانیان لەدەستدا و کارەبای شارەکە بڕا

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانی چەکدارانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریاوە بۆ سەر دێر حافر، منداڵێک و کەسێکی بە ساڵاچوو گیانیان لەدەستداوە و کارەبای شارەکەش بەتەواوی بڕاوە. دیمەشقیش هەسەدە بە هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هێزەکانیان لە نزیک ئەو شارە تۆمەتبار دەکات. 
 
درەنگی شەوی هەینی، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی ناوچەی دێر حافر بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی بە تۆپی قورس ناوچەی دێر حافریان کردووەتە ئامانج و تۆپێک بەر ماڵی هاووڵاتییەک کەوتووە."
 
ئاسایشی خۆسەر دەڵێت، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا بۆ سەر ماڵەکان، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان منداڵێکت تەمەن 11 ساڵ بە ناوی فاتیمە ئەحمەد و کەسێکی تەمەن 60 ساڵ بەناوی خەلیفە هیلال گیانی لە دەستداوە و منداڵێکیش بە سەختی بریندار بووە.
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو هێرشانەدا ژێرخانی ناوچەکە کراوەتە ئامانج و چەند تۆپێک بەر وێستگەی سەرەکیی کارەبا کەوتوون، ئەوەش بووەتە هۆی "پچڕانی تەواوەتیی تەزووی کارەبای شارەکە."
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانن لەو رووداوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن، "رێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ پاراستنی سڤیلەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە."
 
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە، هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی بە "درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئێرانی" هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی سوپای عەرەبیی سووری لە نزیگک دێر حافر لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە