بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: بە مەرج رازیین هێزەکانمان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بگوازینەوە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە لە لایەن ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، بە مەرج رازین هێزەکانیان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب بکشێننەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرەبەیانی رۆژی شەممە 10-01-2026 لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "پاراستنی خەڵکی سڤیل لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کاری هەرە لەپێشینەیە و بە مەرجی هەبوونی ئاسایشی خۆجێیی، پێشوازی لە پێشنیازی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ گواستنەوەی هێزەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی فورات."

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێشوازی لە پێشنیازی هێزە نێودەوڵەتییە نێوەندگیرەکان دەکەین بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکان لە شێخ مەقسوودەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات بە شێوەیەکی پارێزراو."

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر مەرجی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازە داناوە و دەڵێ، کشانەوەکە بەو مەرجە دەبێت کە "هەبوونی ئاسایشی کوردیی خۆجێیی و ئەنجوومەنێکی خۆجێیی بۆ دانیشتووانی دوو گەڕەکەکە مسۆگەر بکرێت، بە جۆرێک لەگەڵ رێککەوتنی 1ی نیسان بگونجێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە