سووریا
عەدنان عوسمان [لای چەپ]، کارگێڕیی نەخۆشخانەی عوسمان بووە لە گەڕەکی ئەشرەفییە، عەلی عوسمانی برازای، دەرمانساز بووە.
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب، چیرۆکی جیاواز بیستراون، بەڵام چیرۆکی کوژرانی مام و برازایەک کە یەکێکیان دەرمانساز و ئەوی دیکەیان کارگێڕیی نەخۆشخانەکەیە و خۆیان نەخۆشخانەکەشیان دروستکردووە، لە هەموو چیرۆکەکان ناخهەژێنترە، چونکە ئەوان، کەسانی سڤیل بوون و "بە ئەنقەست کوژران" هەروەها دەستکراوە بە گیرفانیاندا و "هەرچی پارە و شتی بەنرخیان هەیە بردوویانن".
عەدنان عوسمان، کارگێڕیی نەخۆشخانەی عوسمان بووە لە گەڕەکی ئەشرەفییە، عەلی عوسمانی برازاشی، دەرمانساز بووە و لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەکە خزمەتی کردووە، کاتی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، بڕیاریانداوە نەخۆشخانەکە جێنەهێڵن و بمێننەوە، بەڵام هەر لەو نەخۆشخانەیەدا کوژران.
"عەدنان و عەلی وەکو پاسەوانی نەخۆشخانەکە مانەوە"
دوو قوربانییەکە خەڵکی عەفرینن، نزیکەی شەش دەیە لەمەوپێش چوونەتە حەلەب. وەلید خۆجە، پوورزایانە و لە هەولێر نیشتەجێیە، ئەو چیرۆکی کوژرانیان بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
وەلید خۆجە گوتی: "رەحمەت لە کوڕە پوورەکانم دکتۆر عوسمان و دکتۆر خەلیل [برایەکی دیکەی دکتۆر عوسمانە و لە رووداوەکەدا نییە] و ماڵباتەکانیان، ئەوان کوڕی پوورمن، ئەوان کەسی سڤیلن و لە بەشی پزیشکیدان، لە نەخۆشخانەی عوسمانن لە ئەشرەفییە، لەوێ مانەوە بۆ خزمەت و پارێزگاریکردن لە نەخۆشخانەکە."
وەلید چیرۆکی کوژرانی ئەو دوو کوڕە پوورەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "کاژێر 9:00 عەلی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردم و گوتی: هاتنە نێو نەخۆشخانەکەوە". دواتر گوتیان دەستگیرکراون، ئێمەش دەستمان بە پەیوەندی کرد و ئەفسەرەکان گوتیان ئینشائەڵڵا هیچ نابێت، هیچ کێشەیەک نییە و ئازادیان دەکەین. دواتر کاژێر 2-3ی دوای نیوەشەو، یەکێک لە دراوسێکانیان چووبووە نێو نەخۆشخانەکە بۆ ئەوەی بزانێت چی بووە و کێ ماوە و کێ مردووە؟ بینی کە لەنێوچەوانی عەدنان دراوە و هەردووکیان پێکەوە کوژرابوون."
وەلید خۆجە دەڵێت: "هەردووکیان کەسانی سڤیلن و هیچ پەیوەندییەکیان بە حیزب و سیاسەتەوە نییە، نە تێکەڵی حیزب بوون و نە تێکەڵی کێشە بوون. کاتێک گەڕەکی ئەشرەفییە بۆردوومان دەکرا، ئەوان خاوەنی نەخۆشخانەکەن، جێیان نەهێشت. ئەوان وەکو پاسەوان مانەوە و گوتیان با نەخۆشخانەکە بپارێزین."
"زێڕ و پارەکەیان بردراون"
وەلید دەڵێت: "کاتێک سوپا چووەتە نێو ئەشرەفییە، بینیویانە کە زێڕ و پارەیان پێیە، کوشتوونیان، نیو کاژێر پێش کوشتنیان، ئێمە بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵیان کرد و گوتیان ئێمە لە نەخۆشخانەکەین و هیچ کێشەیەکمان نییە."
وەلید دەڵێ: "بکوژەکان چەکداری سەر بە سوپای عەرەبیی سووریان."
نەخۆشخانەی عوسمان، دەکەوێتە سەرەتای گەڕەکی ئەشرەفییە، "کە داخیل بووی، ریزی یەکەمە، یەکەم جار دەچنە نێو نەخۆشخانەکە، لەکاتێکدا هیچ چەکدارێکی تێدا نەبوو."
عەدنان عوسمان، لەدایکبووی ساڵی 1968ـە، سێ کچ و دوو کوڕی هەیە و کارگێڕی نەخۆشخانەکە بووە.
عەلی، ساڵی 1989 لەدایکبووە و دوو منداڵی هەیە و دەرمانساز بووە، ساڵی 2010 خوێندنی لە رووسیا تەواو کردووە.
نەخۆشخانەی عوسمان کێ دروستی کردووە؟
نەخۆشخانەکە ناوی عوسمانە، پێنج برا خاوەندارێتییان کردووە کە سەرجەمیان پزیشکییان خوێندووە و لەو بوارەدا بڕوانامەیان هەیە.
نەخۆشخانەکە لە ساڵی 2013 کراوەتەوە و ئەو برایانە وەکو گرووپێک لە دەرەوە گەڕانەوە و دروستیان کرد. حەوت نهۆمە و جگە لە پزیشکەکان، 50 هەلی کاری رەخساندبوو، هەموو نەشتەرگەرییەکی لێ دەکرا تەنانەت لەدایکبوون و منداڵانیش.
نەخۆشخانەکە مۆڵەتی فەرمیی هەبووە و لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەدیش خزمەتی کردووە. ئێستا ئەوەندە بۆردوومان کراوە، لەکار خراوە و توانای خزمەتی نەماوە.
بە گوتەی وەلید، "بەو پێیەی نەخۆشخانەکە باڵەخانەیەکی بڵندە و دەکەوێتە سەرەتای گەڕەکی ئەشرەفییەوە، لە شەڕەکاندا هەمیشە زیانی بەرکەوتووە، ئەوە یەکەم جار نییە زیانی بەرکەوێت."
"دوو کورد و عەرەبێک بوون، بەڵام عەرەبەکەیان نەکوشت"
کاتێک سوپای عەرەبیی سووریا دەچێتە نێو نەخۆشخانەکەوە، سێ کەس لەوێ دەبن، عەلی و عەدنان، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەب بەناوی ساڵح.
وەلید خۆجە دەڵێت: "عەرەبەکەیان نەکوشتووە. کە زانییان ئەوان کوردن و خەڵکی عەفرینن کوشتوونیان. ئەوان لە ماڵباتێکی هەژار بوون و دەیان ساڵە چوونەتە حەلەب."
وەلید خۆجە، لەکاتێکدا قسەی بۆ مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو دەکرد، خۆی بۆ نەگیرا و بە قوڕگی پڕ گریانەوە گوتی: "حسبنا الله ونعم الوكيل، میللەتی کورد بەردەوام ژێر دەستەیە، ئێمە تاوانمان چییە کە کوردین و لەسەر کوردبوون بمانکوژن؟ تاوانی ئەم میللەتە چییە کە ئەو ستەم و زۆردارییەی بەرامبەر دەکرێ؟ خەڵکی ئەشرەفییە هەمووان چەکدار نین، زۆربەیان سڤیلن، ئێستا دوو برای سڤیلی منیش ئاوارە بوون، ئێمە نە چەکدارین و نە سیاسین، ئێمە چی بکەین و بۆ کوێ بچین؟ خوا سەبر و ئارامی بە ماڵباتیان بدات، ان الله مع الصابرين."
برایەکی عەدنان: براکەم لە حەلەب نەبوو، لەبەر عەلی رۆیشت و کوژرا
محەممەد، برای عەدنان عوسمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکەیە، ئەو لە دانیمارکەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "عەلیی برازام دەرمانساز بوو، عەدنانیش کارگێڕی بوو."
لەبارەی چیرۆکی رووداوەکەوە گوتی: "پێش سێ رۆژ کە شەڕ روویدا، عەدنانی برام بەرەو حەلەب بەڕێکەوت، بەڵام رێگە داخرا و نەیتوانی زیاتر بچێت، ئیدی عەلی بەتەنیا لەوێ مایەوە، دواتر هەرچۆنێک بووە عەدنان خۆی گەیاندە لای عەلی، ئەوکات قسەمان لەگەڵیان کرد و زانیمان کە باشن، بەڵام دواتر قازیفەیەک بەر موەلیدەی کارەبای نەخۆشخانەکە دەکەوێت و کۆگەی سووتەمەنییەکە دەتەقێت و سووتەمەنی بەو ناوەدا دەڕژێت."
"تانکێک لە نزیکەوە نەخۆشخانەکە بۆردوومان دەکات"
محەممەد عوسمان، بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە و دەڵێت: "دراوسێیەکی نەخۆشخانەکە کە کەمێ نەخۆشە و عەرەبە، دەچێتە لای عەلی بۆ دەرمان کڕین و دواتر خۆی و کچەکەی بەرەو ماڵ دەچنەوە کە لە تەنیشت نەخۆشخانەکەیە، لەوکاتەدا تانکێک دێت و گولـلەیەک لە نەخۆشخانەکە دەدات و ئاگر دەگرێت."
محەممەد دەڵێت: "ئەو کاتە براکەم لە ژێرزەوینەکەدایە، کە بەشی تیشک و لەدایکبوونی تێدایە، هەرچوونێک بووە عەلی خۆی رزگار دەکات، کاتێک عەدنانیش لەسەر پلیکانەکانە و دەیەوێ خۆی رزگار بکات، لەپشتەوە بە قۆنداخ لەسەری دەدەن، دوای کەمێکی دیکە عەلیش دەبینن و قۆنداخێکیش لەو دەدەن، هەرچی پارە و زێڕیان پێیە هەمووی دەبەن، دوای 15 خولەک، دراوسێکەیان دەڵێ: "هێزەکە چوونەتە نێو نەخۆشخانەکە و وابزانم عەلی و عەدنانیان کوشتووە."
محەممەد بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە و دەڵێت: "دراوسێکەیان دەرگای نەخۆشخانەکە دەکاتەوە و بانگی عەلی و عەدنان دەکات، کەس وەڵامی ناداتەوە، ئەویش دەستی کچەکەی خۆی دەگرێت و بە پیلکانەکاندا دەچێتە خوارەوە، دەبینێت عەدنان، لە سەری دراوە و خوێنی لەبەر رۆیشتووە، زیاتر دەچێتە خوارەوە دەبینێ عەلیش کەوتووە، پەیوەندی دەکەن و سەرەتا دەڵێن: براکانتان دەستگیرکراون."
"ئەفسەرێکی سوپا ئاگای لە کوشتنیان نەبوو و گوتی نەکوژراون"
محەممەد عوسمان دەڵێت: "کاژێر 9:00ی بەیانی، برایەکم پەیوەندی بە ئەفسەرێکی هێزەکەوە دەکات و پرسیاری عەدنان و عەلییان لێ دەکات، ئەویش دەڵێت: دوای 10 خولەکی دیکە وەڵامت دەدەمەوە. دوای 10 خولەکەکە پەیوەندیی دەکاتەوە و دەڵێت: "بەڵێ لای ئێمەن و کەسێکی دیکەشیان لەگەڵە بەناوی ساڵح، چەند پرسیارێکیان لێدەکەین، هیچیان لەسەر نییە و ئازادیان دەکەین."
محەممەد بە دەم پڕمەی گریانەوە گوتی: "دوای ئەو قسانە ئێمە حەساینەوە، بەڵام دواتر خێزانەکەم بە پەلە رایکردە دەرەوە و کەوت و گوتی: عەلی و عەدنانیان کوشت."
دەرهێنانی تەرمی مام و برازاکە لەنێو نەخۆشخانەکە
محەممەدی برای عەدنان عوسمان دەڵێت: "کاتێک ئێمە قسەمان لەگەڵیاندا کرد [لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا]، ئەوان برا و برازاکەمیان کوشتبوو، دواتر هاووڵاتییەکی عەرەب کە شۆفێری ئامبوڵانسێکی خۆمان بوو، چووە نێو نەخۆشخانەکە و تەرمەکانی دەرهێنا. تەرمەکان برانە دادپزیشکی و دوای وەرگرتنەوەیان دەبرێنەوە بۆ گوندەکەی خۆمان لە عەفرین."
لەبارەی ئەگەری سکاڵا تۆمارکردن لە دژی بکوژەکان گوتی: "ئێمە هێشتا لەنێو پرسەداین، گوتیان سکاڵا بکەن، بەڵام جارێ ئێمە ئازارمان هەیە و کاتمان نییە. داوا لە خوا دەکەم تۆڵەی ئێمە لەو چەتانە بکاتەوە کە بەبێ هۆ خەڵکی سڤیل دەکوژن."
"دوو کاژێر لێکۆڵینەوەیان کردبا براکەمیان نەدەکوشت"
محەممەد عوسمان کە لە دانیمارکەوە قسەی بۆ رووداو کرد دەڵێت: "ئێمە بەبێ جیاوازی خزمەتی کورد و عەرەب و هەمووانمان کردووە، لەکاتی رووداوەکاندا بایی ملیۆنان لیرە دەرمانمان بێبەرامبەر داوەتە خەڵک، دەی با عەرەبێک هەبێت لە گەڕەکی ئەشرەفییە قسەیەکی نەرێنی بکات لەسەر نەخۆشخانەی عوسمان."
دەشڵێت: "ئەوەی براکەم کردوویەتی لە ئەشرەفییە، باوکی هەژارانیش نەیکردووە، بە دەیان نەخۆشی چارەسەرکردووە بەبێ بەرامبەر، من براکەم ناسراوە، هەموو حەلەب دەیناسن. ئەگەر تەنیا دوو کاژێر لێکۆڵینەوەیان کردبا، بەدڵنیایی براکەمیان نەدەکوشت، بەڵام ئەوانە [هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا] لە خوا ناترسن."
"فەزڵمان بەسەر عەرەبی حەلەبەوە هەیە"
لە ماڵباتی ئەو دوو هاونیشتمانییە کوردەدا، 10 پزیشک هەن. ئەوان لە ساڵی 2010 نەخۆشخانەکەیان کردووەتەوە، بەڵام لە رووداوەکانی حەلەب، تۆپی بەرکەوت و داخرا، دواتر لە ساڵی 2016 جارێکی دیکە کردوویانەتەوە.
محەممەد دەڵێت: "ئێمە خزمەتی کورد و عەرەبمان کردووە بەبێ جیاوازی، بەڵام فەزڵمان بەسەر عەرەبەوە هەیە چونکە کوردین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ