رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێكی لازقییەی سووریا بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی هەزار و 20 سڤیل بەهۆی ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردوو کوژراون. دەشڵێت، "هێزەکانی حکومەتی سووریا بنەمای مرۆییان رەچاو نەکردووە و خێزان هەیە تەواوی ئەندامانی کۆمەڵکوژ کراون."
رۆژی پێنجشەممە، هەردوو پارێزگای لازقییە و تەرتووس کە دانیشتووانەکەی زۆرینە عەلەویین، رووبەڕووی پێکدادانێکی قورس و خوێناوی بوونەوە. شەڕ لە نێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و چەند گرووپێک روویدا، کە دەگوترێت لایەنگری دەسەڵاتی ئەسەدن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9-3-2025، مەیس ماهیر، چالاکڤانی دانیشتووی لازقییە، لە رێگەی تەلەفۆن میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، لەبارەی سەرهەڵدانی گرژییەکانەوە باسی لەوە کرد، "دوای ئەوەی سەربازانی سەربە حکومەت رووبەڕووی بۆسەیەک بوونەتەوە لە گوندی دالیا، بەهۆی ئەم بۆسەیەوە، 13 کەس لە ئاسایشی گشتی کوژرابوون، لە ئەنجامدا هەڵمەتێکی فراوان دەستیپێکرد، تاوەکو رۆژی هەینی هەڵمەتەکە بەردەوام بوو".
ئەو چالاکڤانە کە ئێستا لە لازقییە دادەنیشێت، روونیکردەوە "لەو ماوەیە پڕچەککردنی گشتی راگەیێنرا، هێزێکی زۆر لە سەرجەم پارێزگەکانەوە هێنرانە لازقییە، ژمارەی کوژراوان لە ئاسایشی گشتی گەیشتە نزیکەی 300 کەس".
بەگوێرەی دوایین ئامار کە روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەوە، 745 سڤیل کوژراون، بەڵام مەیس ماهر ئامارێکی دیکەی بە رووداو رایگەیاند و گوتی، "نزیکەی هەزار و 20 کەسی سڤیل تاوەکو ئێستا بە بەڵگەکراون کە کوژراون". گوتیشی، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیاندا، پێوەری مرۆییان رەچاو نەکرد، بۆ دەربازکردنی خەڵکی سڤیل، خەڵکێکی زۆر کوژراوە، خێزان هەیە کۆمەڵکوژ کراوە، زۆربەی کوژراوان خەڵکی گوندەکانی دەورووبەری لازقییەن".
ئەو ژنە چالاکڤانە ئاماژەی بەوە کرد ناسنامەی ئەو کەسانەی لەگەڵ حکومەتی راگوزەر شەڕ دەکەن دیار نییە، چونکە "شەڕەکە لە گوند و شارۆچکەکان کراوە، کە پڕە لە خەڵکی سڤیل، دیار نییە ئەو گرووپانە کێن کە شەڕیان کردووە، لە زیاتر لە شوێنێک پێکدادان هەبووە، کێشەکە ئاڵۆزە، گرووپەکان تێکەڵەیەکن و خۆیان لەنێو خەڵکی سڤیل مەڵاسدابوو".
بەگوێرەی ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا 30 گۆڕی بەکۆمەڵی خەڵکی سڤیل لە ناوچە جیاوازەکانی لازقییە دۆزراونەتەوە، بەپێی دیمەنەکانیش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، تەرمی دەیان کەس لەسەر شەقامەکان دەبینرێت و چەکداران بە هەڕەمەکی دەستڕێژیی گوللـە لە خەڵک دەکەن.
ئەو چالاکڤانە کە ئاگاداری دۆخی پارێزگەکەیە، روونیکردەوە "لە هەینییەوە ئۆپەراسیۆنەکان وەستابوون، بەڵام ئێوارەی شەممە هێزەکانی حکومەت رووبەڕووی بۆسەیەکی دیکە ببوونەوە و ئاڵۆزی دیسان سەریهەڵدایەوە، لە پشکنینەکانی رۆژی شەممەش، بۆ نموونە لە گوندەکانی موختارییە و ترێبا، نزیکەی 150 پیاو جیاکراونەتەوە و کۆمەڵکوژ کراون، هەروەها لە پشکنینەکانی جەبلە و بانیاس دۆخی مرۆیی جراپ بووە، خانوو سووتێنراوە و خێزان، بە ژن و پیاو و منداڵەوە رووبەڕووی کوشتن بوونەتەوە".
لەبارەی دۆخی مرۆیی و خزمەتگوزارییشەوە، مەیس ماهر روونیکردەوە "دۆخی مرۆیی لەوپەڕی خراپیدایە، کارەبا نییە، لە ئێوارەی هەینییەوە ئاو پچڕاوە، تۆڕی ئاو زیانی پێکەوتووە و پلانێک بۆ چاککردنەوەی نییە، هیچ رێکخراوێکی مرۆییش لە ناوچەکە نییە بۆ هاوکاریکردنی خەڵک".
حکومەتی سووریا و هێزە شەڕکەرەکانی لازقییە، بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەوان تەنیا دژی پاشماوەکانی حکومەتی ئەسەد شەڕ دەکەن و ئەوەی هەیە دژی هیچ پێکهاتەیەک نییە، بەڵام دانیشتووانی پارێزگەی لازقییە کە زۆرینەیان عەلەوین، پێیان وایە شەڕەکە دژی ئەوانە، وەک مەیس ماهر ئاماژەی پێدەکات "هیچ پاشماوەیەکی رژێمی ئەسەد لە ناوچەکە نییە، بەڵکو وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکانی چەکدارەکان دەردەکەوێت، گوتاری تائیفی و رق بڵاودەکەنەوە و تۆڵەسەندنەوە لە دیمەنەکان بەدی دەکرێت".
پارێزگەی لازقییە پێنجەم پارێزگەی سووریایە لە رووی ژمارەی دانیشتووان و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای دیمەشق، زۆربەی دانیشتووانەکەی عەلەوین. بەشار ئەسەد، عەلەوی بوو. 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا، دوای ئەوەی کە دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، کە (ئێستا خۆی هەڵوەشاندووەتەوە) و هاوپەیمانەکانی هەموو شارەکانیان کۆنترۆڵکرد.
ئێستا حکومەتێکی راگوزەر لە دیمەشق پێکهێنراوە، ئەحمەد شەرع، بە سەرۆککۆماری دەستنیشانکراوە.
حکومەتە راگوزەرەکە لێخۆشبوونی بۆ ئەندامانی پێشووی سوپای سووریا دەرکرد، بەو مەرجەی کە چەکەکانیان رادەستبکەن.
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکەی ئەم جارە ئەوە بووە کە ژمارەیەک چەکداری عەلەوی، بۆسەیەکیان بۆ هێزە ئەمنییەکانی سووریا داناوەتەوە و ژمارەیەکیان لێ کوشتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ