عیزەت شابەندەر بۆ رووداو: سوودانی و شەرع خوازیاری دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایین

09-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نێردەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سووریا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە و دیدارەکەیان بە "زۆر بەسوود" ناودەبات. دەشڵێت، سوودانی و شەرع خوازیاری دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایین.
 
عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری عێراقی ئەمڕۆ دووشەممە، 09-06-2025، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە. شابەندەر بە رووداوی گوت، سوودانی و شەرع خوازیاری دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایین و سەردانی شەرع-یش بۆ بەغدا بە دوور نازانێت.
 
شابەندەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک نێردراوی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چاوم بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کەوت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانەی یارمەتیدەرن بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست."  
 
ئەو سیاسەتمەدارە گوتی، "گفتوگۆمان لەبارەی هێرشکردنەسەر نووسینگەی سیستانی کرد لە دیمەشق و ئەو بابەتە تێپەڕێندرا، دەستپێکردنەوەی زیارەتی ئایینی بۆ مەزارگەی سەیدە زەینەب و مەزارەکانی دیکەی ئایینی و هێرشە دووبارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، بەشێکی دیکەی دیدارەکەمان بوو".
 
لەبارەی بەشدارینەکردنی شەرع لە لووتکەی عەرەبی لە بەغدا، شابەندەر باسی لەوە کرد، هێشتا هۆکارەکان بەتەواوی روون نین، بەڵام هەندێ لایەنی شیعە هەڕەشەیان لێکردبوو، ئەم هەڵوێستە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نەبوو، لەگەڵ هۆشیاریی بنیادنانی دەوڵەتدا یەکناگرێتەوە، بۆ هەڵبژاردن-یش بوو."
 
شابەندەر باسی لەوەش کرد، "هەمان ئەو لایەنانەی هەڕەشەیان دەکرد، باشترین پەیوەندییان لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە، کە پاڵپشتی و پارەداریی تیرۆر و تیرۆریستانیان کردووە کە کوشتن و وێرانکارییان لە عێراقدا بڵاوکردەوە و ئەمڕۆ پەیوەندییان لەگەڵ ئەو وڵاتانە باشە." 
 
عیزەت شابەندەر بەدووری نەزانی ئەحمەد شەرع، سەردانی بەغدا بکات بۆ بنیادنانی پەیوەندیی تەواوکەری سیاسی، ئابووری و ئەمنی.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "محەممەد شیاع سوودانی و ئەحمەد شەرع، هەردووکیان خوازیاری بنیادنانی پەیوەندیی پتەون لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست. ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی شەرع دەبنەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ عێراق، هەمان ئەو ئاستەنگانەن، کە رووبەڕووی سوودانی دەبنەوە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە