رووداو دیجیتاڵ
حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی سووریا رایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە هەسەدە و پەکەکە ژمارەیەک بنکەی مەدەنییان لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب کردووەتە "مۆڵگەی سەربازی و بۆ هێرشکردنە سەر سڤیلەکان" بەکاریان دەهێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە هەسەدە رەتیدەکاتەوە هێزی لە نێو گەڕەکەکەدا هەبێت.
وەزیری راگەیاندن ئاماژەی بەوە کردووە، "دوای پێشڕەوییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و سەرکەوتنی لە کێوماڵکردنی زۆربەی شوێنەکانی شەڕ لە ناو گەڕەکەکەدا، بەشێک لە چەکدارەکان پەنایان بۆ ناو نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بردووە و خەڵکی ناو ئەو ناوەندانە وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنن."
حەمزە مستەفا جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی سڤیلەکان و دوورخستنەوەی بنکە خزمەتگوزاری و پزیشکییەکان لە کارە سەربازییەکان کردەوە، ئەمەش وەک پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی گیانی بێتاوانەکان. هەروەها داوای کرد ئەو ناوەندانە بۆ مەرامی سیاسی و راگەیاندن بەکار نەهێنرێن.
ئەم تۆمەتانەی حکومەتی سووریا لە کاتێکدایە کە شەڕی شاری حەلەب چووەتە پێنجەمین رۆژی خۆی و سوپای سووریا کۆنتڕۆڵکردنی زۆربەی گەڕەکی شێخ مەقسوودی راگەیاندووە. لە بەرامبەردا لایەنی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکەن، بە ئەنقەست نەخۆشخانەکان بۆردوومان دەکات و هۆشداری لە روودانی "کۆمەڵکوژی" دەدەن.
بەهۆی ئەم پێکدادانانە کە لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە، زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون. هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا و کەنەدا بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بەردەوامن، کە تێیدا بڕیار درابوو هێزە کوردییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ