هەسەدە بوونی توونێل لەژێر نەخۆشخانەیەکی حەلەب رەتدەکاتەوە و داوای هاتنی لیژنەی نێودەوڵەتی دەکات

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە حەلەب، هەموو ئەو بانگەشانەی حکومەتی دیمەشقی رەتکردەوە کە باس لە بوونی توونێل لەژێر نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکەن. هەسەدە رایگەیاند، ئەمە هەوڵێکی "ئاشکرای میلیشیاکانی حکومەتە بۆ چەواشەکردنی راستییەکان."
 
هێزە کوردییەکان لە راگەیێندراوێکدا، داوایان لە لیژنە نێودەوڵەتییە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ کرد، روو لە نەخۆشخانەکە بکەن و لە نزیکەوە دۆخەکە ببینن. بە گوتەی هەسەدە، حکومەتی سووریا ئەم دەنگۆیانە وەک پاساوێک بۆ "تاوانەکانی دژی بریندارانی سڤیل، ژنان و منداڵان" لە ناو نەخۆشخانەکەدا بەکاردەهێنێت، تاوەکو خۆی لە بەرپرسیارێتیی ئەو بۆردوومانانە بدزێتەوە کە بۆ ماوەی 5 رۆژە بەردەوامن.
 
ئەم رەتکردنەوەیە لە کاتێکدایە، هەسەدە سوپای عەرەبیی سووریا تۆمەتبار دەکات بەوەی لە رێگەی درۆنەکانی (بایراکتار)ی تورکیاوە پشتگیری دەکرێت.
 
ناوەندی راگەیاندنی ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ پێنجەم رۆژی لەسەریەک شەڕڤانان لە بەرامبەر هێرشەکان بەردەوامن و لەناو شەقامەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوود شەڕێکی زۆر تووند لەئارادایە، تێیدا توانیویانە دوو ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا تێکبشکێنن.
 
هێزە کوردییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دۆخە مرۆییە سەختەکەی ناو نەخۆشخانەی خالید فەجر و قەرەباڵخیی بریندارەکان دەردەکەوێت، کە بە گوتەی ئەوان، بە هاوکاریی "درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی تورکیا" بۆردوومان دەکرێت.
 
شەڕی حەلەب لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. ئەم هەڵکشانە سەربازییانە دوای ئەوە دێن کە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە ناو دامەزراوەکانی حکومەتی نوێی سووریادا، رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە.
 
حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، کە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، هێزە کوردییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە نەخۆشخانەکانیان کردووەتە بنکەی سەربازی و توونێلیان تێدا لێداوە. هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن ئەمریکا، فەرەنسا و کەنەداوە بۆ راگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ بەردەوامن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوپای عەرەبیی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود. وێنە: AA

تەندروستیی حەلەب: 23 کەسی سڤیل کوژراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب، ئاماری کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 23 کەس کوژراون و 104 کەسی دیکەش برینداربوون.