ئاسایشی خۆسەر لە حەلەب: دەنگۆی کۆنتڕۆڵکردنی شێخ مەقسوود درۆیە و شەڕ بەردەوامە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە حەلەب، ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سووریاوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی 90%ی گەڕەکی شێخ مەقسوود.
 
رۆژی شەممە 10-01-2026 هێزە کوردییەکان لە راگەیێندراوێکی نوێدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو بانگەشانەی حکومەتی دیمەشق "درۆ و چەواشەکارین" و هیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نییە. بە گوتەی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەم دەنگۆیانە تەنیا بۆ داپۆشینی ئەو "تاوان و پێشێلکارییانەیە کە میلیشیاکانی حکومەت دژی سڤیلەکانی ناو گەڕەکەکە دەیکەن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئێستا لەناو شەقامەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوود شەڕێکی زۆر تووند لە نێوان هەردوولا بەردەوامە و زیانێکی زۆر بەر هێزەکانی حکومەت کەوتووە. هاوکات باس لەوە کراوە، تۆپبارانی "وەحشیانەی" تۆپخانە و تانکەکانی سوپای سووریا بۆسەر گەڕەکەکە بەردەوامە، کە بە ئەنقەست ژێرخانی ناوچەکە و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج بۆ ترساندنی دانیشتووان.
 
سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاندبوو پرۆسەی ئەمنیی گەڕەکی شێخ مەقسوودی کۆتایی پێهێناوە. شەڕی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس.
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری داوە کە حکومەت نەخۆشخانەکان بۆردومان دەکات و مەترسیی کۆمەڵکوژی لە ئارادایە. لە بەرامبەردا حکومەتی سووریا هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکات کە خەڵکی سڤیلی وەک "قەڵخانی مرۆیی" بەکارهێناوە.
 
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدان کە وڵاتانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا، ئوردن و کەنەدا داوای راگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 دەکەن، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵام بنبەستی سیاسی وایکردووە جارێکی دیکە "رێگەی شەڕ" لە حەلەب بێتەوە پێشەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوپای عەرەبیی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود. وێنە: AA

تەندروستیی حەلەب: 23 کەسی سڤیل کوژراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب، ئاماری کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 23 کەس کوژراون و 104 کەسی دیکەش برینداربوون.