رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پێشوازی لە رێککەوتنی گشتگیری نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات و حکومەتی سووریاش وەک 90ـەمین ئەندامی هاوپەیمانییەکە وەردەگیرێت.
رۆژی دووشەممە، 09-02-2026، شانشینی سعوودیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئەنجامی کۆبوونەوەی "گرووپی بچووک"ـی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا نەخشەڕێگەی نوێی شەڕی دژی تیرۆر لە سووریا و عێراق تاوتوێ کرا.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پشتگیریی خۆی بۆ ئەو رێککەوتنە دەربڕی کە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە واژۆ کراوە.
رێککەوتنەکە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و رێکارەکانی تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) لە ناو دەوڵەتی سووریا دەگرێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هاوپەیمانییەکە ستایشی قوربانییەکانی هەسەدەی کردووە لە شەڕی داعشدا و پێشوازیی لە بڕیاری حکومەتی سووریا کردووە بۆ گرتنە ئەستۆی سەرکردایەتیی شەڕی دژی تیرۆر.
گرنگترین خاڵە پەسندکراوەکانی کۆبوونەوەکە، کە لە ریاز بەڕێوەچوو بریتیبوون لە:
- وەرگرتنی سووریا وەک 90ـەمین ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
- گواستنەوەی خێرای دەستگیرکراوانی داعش بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنیان.
- گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی بیانی (چەکدارانی پێشووی داعش و خێزانەکانیان) بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
- تێکەڵکردنەوەی خێزانەکانی ناو کەمپەکانی هۆل و رۆژ بۆ ناو کۆمەڵگەکانیان.
- بەردەوامیی هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا و دیمەشق لەسەر داهاتووی شەڕی دژی داعش.
بەرپرسانی بەرگریی هاوپەیمانییەکە، دەستخۆشییان لە حکومەتی عێراق کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی شەڕی داعش و دەستبەسەرکردنی چەکدارانی ئەو رێکخراوە؛ گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا بە "هەنگاوێکی بنەڕەتی" بۆ ئاسایشی ناوچەکە وەسف کرا. هەروەها سوپاسی سعودیە کرا بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەکە و رۆڵی لە دژایەتیکردنی تیرۆردا.
کۆبوونەوەکە لەلایەن وەلید خەریجی، جێگری وەزیری دەرەوەی سعوودیە و بە هاوسەرۆکایەتیی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بەڕێوەچوو. لە کۆتاییدا هاوپەیمانییەکە پابەندبوونی خۆی بە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش لە سووریا و عێراق دووپاتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ