سووریا
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت، رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا هەنگاوێکە بۆ راگرتنی هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لەسەر خاکی سووریا روودەدەن.
شەوی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە پۆستێکی ئێکس دا گوتی: "رێککەوتنی هەسەدە و ئیدارەی راگوزەری سووریا لە چوارچێوەی ئەو رووداوە ئازاربەخشانەیە کە کەسوکارمان لە کەناراوەکان پێیدا تێپەردەبن، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ راگرتنی ئەو رووداوانە و راگرتنی هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر خاکی سووریا روودەدەن."
ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: "هیوادارین ئەم رێککەوتنە رێگە خۆشکەر بێت بۆ ئاشتەوایی نەتەوەیی. ببێتە رێبازێکی دادپەروەری راگوزەری راستەقینە کە کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە پرۆسەی سیاسی لە سووریا هاوبەش بن، و ببێتە رێگەیەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکارەکان. بەهێزیی سووریا بەستراوەتەوە بە لێهاتوویی و شارەزایی رۆلەکانییەوە."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ