رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، دوای نێوەندگیریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ راگرتنی تەقە و گواستنەوەی شەڕڤانان و برینداران لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەرەو رۆژئاوای کوردستان.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لێکتێگەیشتنەکە زامنی چوونە دەرەوەی تەرمی شەهیدان، برینداران، مەدەنییە گەمارۆدراوەکان و شەڕڤانان دەکات لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بەرەو باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
سێشەممەی رابردوو، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب. هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی ئەو گەڕەکانەش کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، رووبەڕوویان بوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتدارانی خۆجێی و روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی 140 بۆ 180 هەزار کەس ئاوارە بوون و نزیکەی 30 کەس، لەنێویاندا خەڵکی سڤیل، کوژراون و دەیان کەس بریندار بوون.
مەزڵووم عەبدی داوا لە لایەنە نێوەندگیرەکان دەکات پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکان و "کارکردن بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ستایشی بەرگریکارانی ئەو دوو گەڕەکەی کرد و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییان دەربڕی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ