بیرمەندێکی عەرەب: حکومەتی کاتیی سووریا خەریکە بە هەمان عەقڵیەتی بەعس مامەڵە دەکات

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

د. عەزمی بەشارە، بیرمەندی فەلەستینی و بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی سیاسەتەکان، رەخنەی تووند لە حکومەتی راگوزەری سووریا دەگرێت لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی حەلەب و رایگەیاند، بەکارهێنانی سوپا بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکان، "سەرەتایەکی ترسناکە" بۆ سووریای دوای ئەسەد.
 
د. عەزمی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئەلعەرەبی، سەبارەت بە دۆخی سووریا و پێکدادانەکانی حەلەب، چەند خاڵێکی سەرەکیی خستەڕوو:
 
"شۆڕش ناکرێت ببێتە تۆڵەسەندنەوە"
 
بەشارە ئاماژەی بەوە کرد، گەورەترین مەترسی لەبەردەم هەر سیستەمێکی نوێ دوای رووخانی دیکتاتۆریەت ئەوەیە کە براوەکان تووشی "مەستیی سەرکەوتن" ببن و دەسەڵات بۆ تۆڵەسەندنەوە بەکاربهێنن. ئەو دەڵێت، "ئەوەی لە حەلەب و گەڕەکی شێخ مەقسوود دەبینین، گواستنەوەی شەڕە لەدژی دیکتاتۆریەتەوە بۆ شەڕی پێکهاتەکان. نابێت حکومەتی کاتی و وەزارەتی بەرگری وەکو میلیشیا رەفتار بکەن."
 
بە بڕوای بەشارە، وێنەکانی گواستنەوەی خەڵک بە پاس و دەرکردنیان لە گەڕەکەکانیان، "دیمەنێکی دزێوە" کە هیچ جیاوازییەکی نییە لەو سیاسەتەی دەسەڵاتی پێشوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی پەیڕەوی دەکرد.
 
مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد
 
سەبارەت بە پرسی کورد، ئەو بیرمەندە عەرەبە جەختی لەوە کردەوە کە پرسی کورد لە سووریا "پرسێکی سیاسییە نەک ئەمنی."
 
ئەو گوتیشی، "ناتوانیت بە تانک و تۆپ وەڵامی داخوازیی پێکهاتەیەک بدەیتەوە کە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی سووریا. ئەگەرچی رەخنەمان لە هەندێک هەڵوێستی سیاسیی پێشووی هەسەدە یان پەیوەندییەکانیان هەبێت، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ ئەوەی بە چەک پەلاماری ماڵ و منداڵی خەڵک بدرێت و بە زۆر کۆچپێبکرێن."
 
بەشارە هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە رەفتارانە، کورد بەرەو "جیابوونەوەی تەواوەتی" هان دەدات، لە کاتێکدا دەبێت ئامانج یەکپارچەیی سووریا بێت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون.
 
رەخنە لە "وابەستەیی دەرەکی" حکومەتەکە
 
د. عەزمی بەشارە تێبینی لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی راگوزەر و سوپای نیشتمانیی سووریا (هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو) هەیە و پێیوایە بەشێک لەو ئۆپەراسیۆنانە "لە خزمەت ئاسایشی نیشتمانیی سووریا نین، بەڵکو جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی هەرێمین" وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ تورکیا، بێ ئەوەی ناوی بهێنێت.
 
ئەو گوتی، "رەوابوونی حکومەت لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پارێزەری هەموو سوورییەکان بێت، نەک جێبەجێکاری پلانی دەرەکی بێت بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسی."
 
چارەسەر چییە؟
 
بەشارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاکە رێگە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە "گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆی سیاسیی راستەقینە."
 
بە گوتەی ئەو، "دەبێت عەقڵیەتی بەعس کە بریتی بوو لە سڕینەوەی بەرامبەر، لە رەگ و ریشەوە دەربهێندرێت. ئەگەر ئەمڕۆ بێدەنگ بین لەسەر لێدانی کورد لە حەلەب، سبەی نۆرەی لێدانی درووزەکان و مەسیحییەکان و تەنانەت گرووپە ئیسلامییە جیاوازەکانیش دێت و سووریا دەچێتە نێو بازنەیەکی داخراوی شەڕی نێوخۆوە."
 
د. عەزمی بەشارە کێیە؟
 
بیرمەند، ئەکادیمیست و چالاکڤانی سیاسیی فەلەستینییە و ساڵی 1956 لە شاری ناسرە لەدایکبووە. وەکو دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری "ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی سیاسەتەکان" و "پەیمانگەی دەوحە بۆ خوێندنی باڵا" ناسراوە.
 
لەڕووی سیاسییەوە، پێش ئەوەی فەلەستین جێبهێڵێت و لە قەتەر نیشتەجێ بێت، وەک ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) لەسەر لیستی "حیزبی کۆمەڵەی نیشتمانیی دیموکراتی" کاری کردووە. لە قەتەر دامەزراوەکانی توێژینەوەی دامەزراندووە کە جەخت لەسەر پرسە عەرەبی و فەلەستینییەکان دەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ئاوارەبوونی خەڵک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب. وێنە: OMAR HAJ KADOUR / AFP

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا: لە شەڕەکەی حەلەب زیاتر لە 300 کورد دەستگیرکراون

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی حەلەبەوە، زیاتر لە 300 هاونیشتمانیی کورد لە لایەن حکومەتی دیمەشقەوە دەستگیرکراون، ئەمە بە گوتەی سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس کردووە