رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسوود رایگەیاند، هۆکاری قبووڵکردنی ئاگربەست بۆ رزگارکردنی برینداران و ئەو خەڵکە بووە کە لە تاکە نەخۆشخانەی گەڕەکەکەدا گیریان خواردبوو، "لەلایەن درۆنی تورکیاوە بۆردوومان دەکرا."
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ - شێخ مەقسوود، لە روونکردنەوەیەکدا وردەکاریی رۆژانی شەڕ و هۆکاری راوەستانی پێکدادانەکانی خستەڕوو.
هێرش بە چەکی قورس و درۆن
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2026، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "حکومەتی کاتیی دیمەشق" بە هەزاران چەکدار و بە پشتیوانیی فڕۆکەی چاودێریی تورکیا، تانک، تۆپ و زرێپۆشەوە "هێرشێکی دڕندانە"یان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەستپێکرد، بە ئامانجی "قڕکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی".
ئاسایش دەڵێت شەڕڤانانیان لەسەر بڕیاری "ئەنجوومەنی گەل" بڕیاری بەرگری و بەرخۆدانیان دا و بە گیانفیدایی رووبەڕووی هێرشەکان بوونەتەوە و "بە هیچ شێوەیەک پاشەکشەیان نەکردووە".
بەگوێرەی ئاسایشی شێخ مەقسوود، خاڵی وەرچەرخان لە شەڕەکەدا دۆخی مرۆیی نەخۆشخانەی خالید فەجر بووە.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "نەخۆشخانەی خالید فەجر کە تاکە نەخۆشخانەی گەڕەکەکەیە، دەیان جار لەلایەن چەتەکانەوە بە چەکی قورس و لەلایەن فڕۆکەی بایرەکتاری تورکیاوە کرایە ئامانج بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی تێدا بکەن."
ئاسایش روونیدەکاتەوە، لەپێناو رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و دەربازکردنی برینداران، ژنان و منداڵان لە نەخۆشخانەکە و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی ئارام، "ئاگربەستی کاتی راگەیێندرا و هێزەکانمان بە بەرپرسیارێتییەکی بەرزەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئاگربەستەکە کرد تاوەکو نەخۆشخانەکە چۆڵکرا."
"بەردەوام دەبین"
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ژمارەیەک لە هێزەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە دواتر ناوەکانیان بڵاودەکرێتەوە.
ئاسایشی شێخ مەقسوود دەڵێت، "لە ئێستا بەدواوە، هێزەکانمان بێ دوودڵی لەسەر رێبازی شەهیدان بەردەوام دەبن لە بەرگری لە ئیرادەی گەل و بە رێگە و شێوازی جیاواز درێژە بە بەرخودان دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ