رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی هەسەدە دەڵێت، سوپای عەرەبیی سووریا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ کشانەوەی لە شارەکە نەناوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا ئاوارەی زیاتر لە 50 گوندی دەوروبەری کۆبانی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-02-2026 جەمیل مەزڵووم، ئەندامی فەرماندەیی هێهەسەدە دەڵێت، سوپا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ کشانەوە نەناوەزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوین دارا پێشکێشیکرد، تیشکی خستە سەر رێککەوتنەکەی دیمەشق و هەسەدە لە کۆبانی.
جەمیل مەزڵووم رایگەیاند، رێککەوتنەکە لە کۆبانی لەسەر دوو بنەمای ئاگربەست و جێگیرکردنی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی گشتی لە گەڕەک و ناوچەکان کراوە. هەروەها دەبێت سوپای عەرەبیی سووریا بکشێتەوە بۆ بارەگا سەربازییەکانی خۆی لە دەرەوەی ناوچەکە.
25 رۆژە گەمارۆی سەر کۆبانی لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە بەردەوامە و بەهۆی هێرشەکانیانەوە خەڵکێکی زۆر لە گوندەواری شارەکە ئاوارە بوون. بەگوتەی ئەو فەرماندەیەی هەسەدە، لانیکەم خەڵکی 50 گوندی کوردنشین ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە، ''سەبارەت بە رێککەوتنەکەی نێوانمان، ئەوەی لە ئەستۆی هەسەدە و یەپەگە بووە، جێبەجێکراوە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا خاڵی تایبەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان (لەلایەن دیمەشقەوە) جێبەجێ نەکراوە.''
30ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕۆکی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، رێککەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ کراوە، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا.
لە رێککەوتنەکەدا ئەوەش هاتووە، دەست دەکرێ بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێ کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت. هەروەها لیوایەکی دیکە بۆ هێزەکانی کۆبانی پێکدەهێنرێ لە چوارچێوەی فیرقەی سوپا لە سنوورى پارێزگای حەلەب. جەمیل مەزڵووم دەڵێت: ''لیواکەی کۆبانی لە هێزەکانی هەسەدە، یەپەکە و یەپەژە دەبێ، ئەو بابەتە لە رێککەوتنەکەدا باس کراوە.''
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەندامانی لیواکە بە فەرمی رانەگەیێنراوە، ''بەڵام باسی هەزار و 500 بۆ سێ هەزار کەس دەکرێ. لەکاتێکدا هێزەکانی ئێمە زۆر لەو ژمارەیە زیاترن. هێشتا دەستمان بە گەنگەشە لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە.''
بڕیارە بەپێی رێککەوتنی نێوانیان، هەسەدە جیا لە پارێزگاری حەسەکە، ژمارەیەک پۆستی گرنگی حکومی لە دیمەشقیش وەربگرێت، لەوانەش پۆستی جێگری وەزیری بەرگری. جەمیل مەزڵووم ئاماژەی بەوە کرد، ''بەربژێرمان بۆ ئەو پۆستە بە فەرمی دیاری نەکراوە و هێشتا لە دانوستاندن و گەنگەشە بەردەوامین.''
ئەو فەرماندەیەی هەسەدە سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات دوای تێکەڵکردنیان بە سوپا گوتی: ''تاوەکو ئێستا بابەتێکی لەو شێوەیە نەهاتووەتە بەر باس و (بەرپرسانی دیمەشق) ئەو داوایەیان لە ئێمە نەکردووە.''
لەکاتی شەڕی نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، ژمارەیەک دیل کەوتنە دەست هەردوو لا. جەمیل مەزڵووم دەڵێت: ''پێویستە وەک قۆناخی سێیەم یان چوارەمی رێککەوتنەکە، چارەنووسی دیلەکان دیاری بکرێ و بگەڕێندرێنەوە بۆ نێو خیزانەکانیان، یان وەک پێشوو بگەڕێنەوە سەر ئەرکی خۆیان.''
پێچەوانەی بەرپرسانی خۆجێیی کۆبانی، میدیا و بەرپرسانی سووریا ئاماژە بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی گوندەواری شارەکە دەکەن بۆ ماڵەکانی خۆیان. ئەو فەرماندەیەی هەسەدە باسی لەوە کرد، ''ئەوانەی لەنێو سوپای عەرەبیی سووریادان و هێرشیان کردە سەر کۆبانی، هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە، گوندە کوردییەکانیان داگیر کردووە و گەمارۆش بەردەوامە. تەنانەت هیچ نیازپاکی یان هەنگاوێکی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و کشانەوەی سوپا نابینین.''
جەمیل مەزڵووم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە گرنگ دەزانێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە: ''تاوەکو گەلەکەمان نەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان و سوپای عەرەبیی سووریا نەکشێتەوە، مەترسی لەسەر کۆبانی و گوندەکان هەر بەردەوامە.''
سەرەڕای ئەوەی دوای واژۆکردنی رێککەوتن لەنێوان هەسەدە و دیمەشق شەڕ راگیرا، بەڵام هێشتا گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانی هەڵنەگیراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیش لەسەر شارەکە بڕاون.
هاونیشتمانییان لە کۆبانی داوای کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی و گەیاندنی هاوکاریی خێرا بە شارەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ