ئەنجوومەنی ئاسایش "نیگەرانی" لەبارەی پێکدادانەکانی سووریا دەردەبڕێت

11-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان "نیگەرانی" بەرامبەر شەڕ و پێکدادانەکانی نێوەڕاستی مانگی رابردووی پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا دەردەبڕێت، هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل سەرکۆنە دەکات و داوا دەکات خەڵکی سڤیل بپارێزرێن و یارمەتیی مرۆییان پێبگەیێندرێت.
 
ئاڵۆزییەکان لە 12ی تەممووز دەستیانپێکرد، کاتێک هۆزە دەشتەکییەکان و دروزەکان دەستیان بە رفاندنی ئەندامانی یەکدی کرد، دواتر گۆڕدرا بۆ شەڕ و پێکدادان، پاشان هێزە ئەمنییەکانی سووریاش چوونە نێو شەڕەکە.
 
تووندوتیژییەکان بە خێرایی پەرەیان سەند، هێزەکانی سەر بە دیمەشق تۆمەتبار کران بەوەی لەپاڵ دەشتەکییەکان شەڕی دروزەکانیان کردووە و خەڵکیان بێ گەڕانەوە بۆ یاسا، کوشتووە.
 
هەروەها دروز و دەشتەکییەکانیش بە بێڕێزیکردن بە تەرمەکان و تاڵانکاری تۆمەتبار کران.
 
بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ڤیدیۆکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بووە هۆی زیادبوونی گرژیی تائیفی و زانیاریی ناڕاست.
 
نزیکەی 192 هەزار کەس ئاوارەبوون
 
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، کە رۆژی یەکشەممە لەلایەن ئەندامانییەوە پەسند کراوە، باڵیۆزەکان رایانگەیاند، "زۆر نیگەرانن" لە پێکدادانەکانی ئەم دواییە، کە "کوشتنی بەکۆمەڵ"یان تێدا بووە و بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 192 هەزار کەس.
 
ئەنجوومەنەکە "بە تووندی" سەرکۆنەی ئەو تووندوتیژییە دەکات کە بەرامبەر خەڵکی سڤیل کراوە. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بن و پاراستنی دانیشتووانی سڤیل مسۆگەر بکەن.
 
ئەنجوومەنە 15 ئەندامییەکە ئەرکەکانی هەموو لایەنەکانی بەپێی مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بیرهێنایەوە، بەتایبەتی جەختی لە ئەرکی "رێزگرتن و پاراستنی" هەموو کارمەندانی پزیشکی و مرۆیی کردەوە.
 
ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش داوایان لە هەموو لایەنەکانی سووریا کرد رێگە بە "گەیشتنی تەواو، سەلامەت، خێرا و بێبەربەستی هاوکاریی مرۆیی" بدەن بۆ کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکانی ناوچەی سوەیدا کە زۆرینە دروزن، بە پێی پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی، بێلایەنی و سەربەخۆیی.
 
هەروەها جەختیان لە پێویستیی "مامەڵەی مرۆڤانە" لەگەڵ هەموو چەکدارەکان کردەوە، لەنێویاندا ئەوانەی خۆیان رادەست کردووە، برینداربوون، دەستبەسەرکراون، یان چەکەکانیان داناوە.
 
پاراستن بۆ هەمووان
 
راگەیێندراوەکە داوا لە حکومەتی سووریا دەکات، هەموو سووریاییەکان "بێ رەچاوکردنی نەتەوە و ئایین" بپارێزن و هۆشداریی دا، "هیچ بووژانەوەیەکی واتادار لە سووریا بەدی نایەت بێ [دابینکردنی] سەلامەتی و پاراستنی راستەقینە بۆ هەموو سوورییەکان."
 
ئەنجوومەنەکە پێشوازیی بڕیاری حکومەتی راگوزەری سووریا دەکات بۆ سەرکۆنەکردنی توندوتیژییەکان و پابەندبوونیان بە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباران، بەڵام داوای لێکردن "لێکۆڵینەوەی باوەڕپێکراو، خێرا، شەفاف، بێلایەن و گشتگیر" بکەن، "بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان."
 
ئەنجوومەنی ئاسایش بە دووپاتکردنەوەی بڕیارنامەکانی، لەنێویاندا بڕیاری ژمارە 2254ی ساڵی 2015 و "پابەندبوونی بەهێزی خۆی بە سەروەری، سەربەخۆیی، یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عەرەبیی سووریا" دووپاتکردەوە و داوای لە هەموو وڵاتان کرد خۆیان لە "دەستێوەردانی نەرێنی یان تێکدەرانە" بەدووربگرن کە رەنگە وڵاتەکە زیاتر ناسەقامگیر بکات.
 
راگەیێندراوەکە هەروەها ئاماژەی بە رێککەوتنی رێگریکردن لە تووندوتیژییەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل کرد، کە لە ساڵی  1974 واژۆ کراوە و داوای لە لایەنەکان کرد، پابەندی رێککەوتنەکە بن.
 
سەبارەت بە هەڕەشەی "تیرۆر"، ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بە نوێترین راپۆرتی تیمی شیکاری و چاودێریی سزاکانی کرد، "نیگەرانیی زۆری خۆی لەبارەی ئەو هەڕەشە گەورەیەی کە لەلایەن چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکانەوە" لە سووریا دروستبووە، دەربڕی. داوای لە وڵاتەکە کرد رێوشوێنی یەکلاکەرەوە دژی داعش و قاعیدە بگرێتەبەر، بەپێی بڕیارنامە پەیوەندیدارەکان.
 
بۆ داهاتوو، ئەنجوومەنی ئاسایش داواکاریی خۆی بۆ "پڕۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر بە سەرکردایەتیی سووریاییەکان و بە خاوەندارێتیی خۆیان" لەسەر بنەمای بڕیارنامەی 2254 دووپاتکردەوە، بۆ پاراستنی مافی هەموو سووریاییەکان و یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی "بە شێوەیەکی ئاشتییانە، سەربەخۆ و دیموکراسییانە داهاتووی خۆیان دیاری بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە