سووریا: لە عێراق پێشێلکاری بەرامبەر سووریاییەکان دەکرێت

12-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایدەگەیێنێت، ئەو کردەوانە سەرکۆنە دەکەن کە سوورییەکان لە عێراق رووبەڕووی دەبنەوە؛ داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە سزا بدات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاداری 2025 وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی "دەستدرێژییەکان بۆ سەر سوورییەکان لە عێراق" رایگەیاند، "ئەو کردەوانە سەرکۆنە دەکەین کە سوورییەکان لە عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە، ئەو کردەوانە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە، "تەواو لەپاڵ گەلەکەمان دەوەستین، داواش لە حکومەتی عێراقی بەڕێز دەکەین ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە سزا بدات، هەموو رێوشوێنە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ گەرەنتیی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی سوورییە نیشتەجێبووەکان لە عێراق."
 
هەروەها ئەو وەزارەتەی سووریا دەشڵێت، "کار دەکەین لەسەر پەیوەندیکردن لەگەڵ براکانمان لە حکومەتی عێراق بۆ لەنزیکەوە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی ئەم پێشێلکارییانە، گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا و کاریگەر بۆ رێگرتن لە هەر دەستدرێژییەکی زیاتر. متمانەمان بە توانای حکومەتی عێراقی هەیە بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی هەموو کۆمەڵگەکان لەناو خاکیاندا."
 
دوای رووداوەکانی ئەم دواییانەی سووریا، لە عێراق بە تۆمەتی ستایشکردنی دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژمارەیەک سووریی نیشتەجێی عێراق دەستگیر کراون و پەلامار دراون.
 
دوو رۆژیش بوو هێزێکی زۆری ئەمنی لەنزیک باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا بڵاوکرابوونەوە، بۆ رێگریکردن لە ئەگەری خۆپێشاندان و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە