رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی لێدوانەکەی ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت، بە هەنگاوێکی هاندەرانەی دەزانن بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی گەلی سووریا.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا رۆژی دووشەممە 12-05-2025 رایگەیاند: "پێشوازی لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەین، کە باسی لە ئەگەری هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکانی سەر سووریای کرد. ئەمە بە هەنگاوێکی هاندەرانە دەزانین بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی گەلی سووریا."
وەک وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی پێکردووە، "سەرەڕای ئەوەی ئەم سزایانە لە پێشوودا لەسەر رژێمی ئەسەدی دیکتاتۆر سەپێندرابوون، هاوکار بوون بۆ کۆتاییهاتنی، بەڵام ئەمڕۆ راستەوخۆ گەلی سووریا دەکاتە ئامانج و دەبنە بەربەست لە ئاوەدانکردنەوەی وڵات."
بەپێی راگەیێندراوەی وەزارەتەکە، "گەلی سووریا هەڵگرتنی سزاکان بەشێوەیەکی گشتی وەکو بەشێک لە هەنگاوەکانی پاڵپشتی ئاشتی و درەوشانەوەی سووریا و ناوچەکە دەبینن، بواریش بە رووی هاوکاری نێودەوڵەتیدا دەکاتەوە کە ئەوەش سەقامگیری و گەشەپێدانی وڵات بەرەوپێش دەبات."
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، سەبارەت بە سزاکانی سەر سووریا گوتی، "دەبێت بڕیارێک لەبارەی سزاکان بدەین، کە دەکرێت زۆر بە باشی سووکیان بکەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "دەتوانین سزاکان لەسەر سوریا لابدەین، چونکە دەمانەوێت دەستپێکی نوێیان پێبدەین."
ترەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیاوە پرسیاری سزاکانی سەر سووریای لێکراوە و گوتیشی، "زۆر کەس لەوبارەیەوە پرسیاریان لێکردووم، چونکە ئەو شێوازەی کە ئێمە سزامان بەسەردا سەپاندوون، دەرفەتی ئەوتۆیان ناداتێ، هەربۆیە دەمانەوێت یارمەتییان بدەین."
بەهۆی جەنگی نێوخۆی سووریا کە 14 ساڵی خایاند، ئابووریی سووریا زۆر خراپ بووە.
بەرپرسانی نوێی سووریا چەندین جار داوایان کردووە سزاکانی سەر دیمەشق بە تەواوی هەڵبگیرێن.
ئەمریکا بە درێژایی چەندین دەیەیە سزای زۆری بەسەر سووریا سەپاندووە، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی 2011دا، ئەم سزایانە ئامانجیان گوشار خستنە سەر حکومەتی پێشووی سووریا بوو بۆ ئەوەی دەستبەرداری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ بێت، پشتیوانی لە تیرۆر نەکات و بەشداری لە چاکسازی سیاسیی راستەقینەدا بکات.
بەشێک لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا بریتیین لە: خستنە نێو لیستی تیرۆر، سەپاندنی سزای قورسی ئابووری بۆ سەر بەرپرس و دامەزراوەکانی سووریا، سڕکردنی سامانی بەرپرسانی سووریا، رێگەگرتن لە وەبەرهێنانی نوێ لە نێو سووریا و رێگەگرتن لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ