کۆمپانیای دانەگاز لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی سووریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی واژۆ کرد

12-11-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای نەوت و گازی سووریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی واژۆ کردووە بۆئەوەی پەرە بە کێڵگە گازییەکانی سووریا بدات.
 
یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە رێگە بە دانەگاز دەدات هەڵسەنگاندن بۆ چەندین کێڵگەی گاز بکات، کە لەلایەن کۆمپانیای نەوت و گازی سووریا (کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی سووریا) سەرپەرشتی دەکرێن.
 
بەپێی دانەگاز، یاداشتەکە دەبێتە یەکەم هەنگاوی لەو جۆرە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەت بە گازەوە لەگەڵ حکومەتی سووریا.
 
دانەگاز دەڵێت، "ئامانج لە واژۆکردنی ئەو یاداشتە پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریایە لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز و بەرهەمهێنانی کارەبا و نۆژەنکردنەوەی کەرتی وزەی ئەو وڵاتە."
 
دانەگاز باس لەوە دەکات، "توانای جێبەجێکردنی پرۆژەی هەیە" و تەواوکردنی پرۆژەی KM250 لە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لەو بارەیەوە باس دەکات.
 
کێڵگەی گازی (ئەبورەبەح) کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی سووریا، لەنێو ئەو کێڵگانەدایە لە لێکتێگەیشتنەکەی نێوان کۆمپانیای دانەگاز و حکومەتی سووریادا هاتووە.
 
ریچارد هۆڵ، بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاند: " رێککەوتنەکە دەبێتە هۆکار بۆ کرانەوەی توانای سەرچاوە گازییەکانی سووریا."
 
هۆڵ ئاماژە بەوە دەدات کە "پەرەپێدانی کێلگە گازییەکانی سووریا، دەبێتە هۆکار بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی سووریا و ئەوەش دەبێتە مایەی پاڵپشتی بۆ کۆمەڵگەی سووریا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە