وەزیری دەرەوەی سووریا: ناکرێت هێرشەکانی ئیسرائیل پشتگوێ بخرێن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا، هۆشدارییەکی تووندی دا لەو "ئالنگارییە مەترسیدارانە"ی کە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی دروستیان کردووە. راشیگەیاند، رێزگرتنی تەواو لە سەروەریی خاکی سووریا، مەرجی سەرەکی و دەروازەی هەر هەوڵێکە بۆ بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری ئیسرائیل، ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئیسرائیل واژۆکردنی هەر جۆرە رێککەوتنێکی ئەمنییان لەگەڵ دیمەشق لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدوورزانی.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە دیمەشق، رایگەیاند: "ناکرێت هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بۆ سەر خاکی سووریا چیدیکە پشتگوێ بخرێن." 
 
شەیبانی گوتی، سەرەڕای ئەو هێرشانە، سووریا پابەندە بەوەی کە "نابێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا داوای لە باڵیۆزەکانی دیمەشق کرد، پەیامەکە بگەیێننە پایتەختەکانیان و داوا لە وڵاتەکانیان بکەن کە رێکاری دیپلۆماسی و یاسایی کارا بەکاربهێنن بۆ ناچارکردنی ئیسرائیل بە راگرتنی ئەو پێشێلکارییانە.
 
دوای لێدوانەکانی شەیبانی، میدیای فەرمی سووریا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە کاتی چوونە نێو ناوچەیەکی سنوورییەوە، گەنجێکی خەڵکی گوندی موشەیدەیان لە گوندەواری قونەیترە دەستبەسەر کردووە، کە ئەمەش گرژییەکانی لەو ناوچەیە زیاتر کردووە.
 
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دیدگای وڵاتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند کە ئیسرائیل "زۆر دوورە" لە گەیشتن بە هەر جۆرە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ سووریا. 
 
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلیش لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە، بڵاویکردەوە، تەلئەبیب هیچ پەلەیەکی نییە لە کشانەوە لە چیای حەرموون، کە لە ساڵی 1967ـەوە کۆنتڕۆلی کردووە. 
 
ئەو بەرپرسە شوێنەکەی بە "ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگ" بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ناوبرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە