رووداو دیجیتاڵ
جیم ریش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (سێنات)، رۆژی سێشەممە 13-01-2026، نیگەرانیی زۆری خۆی لەبارەی رەفتاری هێزە چەکدارەکانی سووریا لە شاری حەلەب دەربڕی و داوای لێپرسینەوەی کرد.
لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی لیژنەکە لە ئێکس، ریش رایگەیاند، "زۆر نیگەرانم لە رەفتاری هێزە چەکدارەکان لە حەلەبی سووریا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا. داوا لە حکومەت دەکەم ئەو کەسانەی ئەو کردەوە قێزەونانەیان کردووە، رووبەڕووی لێپرسینەوە بکاتەوە."
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە، دوای ساڵانێکی زۆر لە جەنگ، ئەرکی حکومەتی نوێی سووریا و هێزە چەکدارەکانی ئەوەیە پارێزگاری لە مافە سەرەکییەکانی هاووڵاتییانیان بکەن، نەک پێشێلیان بکەن.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە، رۆژی 11-01-2026، سوپای عەرەبیی سووریا کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی لە حەلەب راگەیاند. ئەمەش دوای شەڕێکی 5 رۆژی هات کە لە 06-01-2026 دەستیپێکرد و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس کە زۆربەیان کوردن.
لایەنی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، حکومەتی کاتیی دیمەشق بە "تاوانی جەنگ"، کوشتنی مەیدانی و بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەکان تۆمەتبار دەکەن. لە بەرامبەردا حکومەتی نوێی سووریا، کە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ "گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت" بووە. ئەم پێکدادانانە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025ـیان نیشان دا، کە بڕیار بوو لەڕێگەیەوە هێزە کوردییەکان لەناو حکومەتی نوێی سووریادا تێکەڵ بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ