رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ ئاگرێکی گەورە لە نزیک ناوچەی قەدەخەکراوی نێوان ئیسرائیل و سووریا لە پارێزگای قونەیترە کەوتەوە و رووبەرێکی فراوانی لە دەوروبەری گوندەکانی بیر عەجەم و بريقە سووتاند.
بەرپرسێکی سووری دەڵێت، سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست تەقەی لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کردووە، بەڵام هەندێک سەرچاوە پێیانوایە ئەمە "پەیامە" بۆ دەسەڵاتی نوێی سووریا تاوەکو پەلە بکات لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ دانوستاندن.
محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای قونەیترە راگەیاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان تەقەکردنی سوپای ئیسرائیل بووە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، کە بووەتە هۆی تەقینەوەی ئەو مینانەی لە ناوچەکەدا چێندرابوون.
هاوکات، سەرچاوە ئاگادارەکان لە دیمەشق ئاگرکەوتنەوەکەی قونەیترە بە "پەیامێکی هەڕەشەئامێز"ی ئیسرائیل دەزانن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا پەلە بکات لە وەڵامدانەوەی مەرجەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ستراتیژیی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای قونەیترە، سوپای ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کار بۆ دوورخستنەوەی شوانەکان دەکات لە گەیشتن بەو لەوەڕگانەی رۆژانی هەینی و شەممە ئاگریان تێبەردرا. گوتیشی: "ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی و رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974ـە".
لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل زیاتر لە 8 بنکەی سەربازیی لە باکووری قونەیترە تاوەکو حەوزی یەرمووک دامەزراندووە کە دەکەونە نێو ئەو ناوچە دابڕێنەرەی لە رێککەوتنی 1974دا دیاریکراوە. ئەو بنکانە بوونەتە هۆی ئەوەی جووتیاران و خاوەن ئاژەڵەکان لە گەیشتنیان بە نزیکەی 6 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی و لەوەڕگە بێبەش ببن.
سەرچاوە خۆجێییەکان لە قونەیترە ئاشکرایان کردبوو لە کاژێر 11:00ـی رۆژی شەممە، ئاگرێکی گەورە لە رۆژئاوای گوندی بیر عەجەم لە گوندەواری ناوەندی پارێزگاکە کەوتووەتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، "ئاگرەکە رووبەرێکی فراوانی رووەکی سرووشتی لە دەوروبەری گوندەکانی بیر عەجەم و بەریقە سووتاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان نەخەمڵێندراوە."
عەلی عەبدوڵڵا، چالاکڤانی سیاسی و نووسەری سووری، پێیوایە پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە"ی نەتەنیاهوویە کە ئامانجی "لاوازکردنی دەوڵەتی سووریا و قووڵکردنەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانە، تاوەکو دەوڵەتی سووریا وەک لوبنان و عێراق، هەڵوەشاوە و ناسەقامگیر بمێنێتەوە."
عەبدوڵڵا دەڵێت، ستراتیژییەکەی نەتەنیاهوو دوای دەستپێکردنی باسەکان لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان قووڵتر بووەتەوە و سووتاندنی کێڵگەی هاووڵاتییانیشی بۆ زیادکراوە، وەک پەیامێکی هەڕەشەئامێز: "ئێوە دەسووتێنین، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا پەلە بکات لە وەڵامدانەوەی مەرجەکانی نەتەنیاهوو، چونکە حکومەتی ئیسرائیل نەک هەر دەستبەرداری جۆلانی داگیرکراوی 1967 نابێت، بەڵکو دەستبەرداری لووتکەی ستراتیژیی چیای شێخیش نابێت."
سەرچاوە خۆجێیەکان لە قونەیترە، هێزەکانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە ئەنقەست ئاگرەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی گوشار لەسەر دانیشتووانی گوندەکان دروستبکەن.
تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، 22 پێشڕەویی زەەینیی هێزەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەکانی باشووری سووریا لەنێوان 9ی حوزەیران تاوەکو 5ی تەممووزی 2025 بە بەڵگە کردووە، کە پارێزگاکانی قونەیترە، گوندەواری دیمەشق و دەرعای گرتووەتەوە. لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی سڤیل کوژراوە و 13ی دیکە دەستبەسەرکراون، جگە لە دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی هاووڵاتییان و دامەزراوە پەروەردەییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ