رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی سووریا دەڵێت، ئەو ئاگرانەی لە رۆژئاوای وڵاتەکە کەوتبوونەوە و رووبەرێکی بەرفراوانی دارستان و پووش و پاوانیان سووتاند و چەندین ناوچەیان ناچار بە چۆڵکردن کرد، دوای 10 رۆژ، کۆنترۆڵکران.
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا لە فەیسبووک ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی رۆژی شەممە "تەشەنەکردنی ئاگرەکان راگیرا و چەقە گەرمەکانی ئاگرەکە لە هەموو بەرەکانەوە کۆنترۆڵکران،" تیمەکان کار بۆ ساردکردنەوەی ناوچەکان دەکەن و چاودێریی هەر نیشانەیەکی سەرلەنوێ هەڵگیرسانەوە دەکەن.
ئاگرەکان لە پارێزگای لازقییە و لە کاتی شەپۆلێکی گەرمی توونددا کەوتنەوە.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA) رایگەیاند، ئاگرەکان نزیکەی 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە دارستان و پووش و پاوانیان سووتاندووە.
لەکاتی تەشەنەکردنی ئاگرەکاندا، کارمەندانی فریاکەوتنی سووریا رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەوە، لەوانە پلەی گەرمیی بەرز، بای بەهێز، زەوییە شاخاوییە سەختەکان و مەترسیی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی جەنگ.
هەموو ئەمانە لە وڵاتێکدا روودەدەن کە بەهۆی ساڵانێکی دوورودرێژی شەڕی نێوخۆ و قەیرانی ئابوورییەوە شەکەت بووە.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رائید ساڵح، وەزیری کاروباری فریاکەوتن و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سووریا رایگەیاند، بە یارمەتیی تیمەکانی تورکیا، ئوردن، لوبنان، قەتەر و عێراق، ئاگرکوژێنەرەوەکان "توانیویانە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە لە هەموو بەرەکانەوە رابگرن، کە ئەمە گرنگترین هەنگاوە بەرەو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان."
رائید ساڵح گوتیشی: "هێشتا بەهۆی خێرایی باوە مەترسی ماوە، بەڵام کار دەکەین بۆ رێگریکردن لە هەر فراوانبوونەوەیەکی نوێی ئاگرەکان."
بەرگریی شارستانی رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن "ئۆپەراسیۆنی کردنەوەی رێڕەو و دروستکردنی ناوچەی دابڕێنەر لەنێو دارستانەکان ئەنجام دەدەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئاگر لە ئەگەری سەرلەنوێ هەڵگیرسانەوەی."
بەرپرسان هیچ زیانێکی گیانییان رانەگەیاندووە، بەڵام چەندین شارۆچکە لە پارێزگای لازقییە وەک رێکارێکی خۆپارێزی چۆڵکران.
لەکاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەر و تووندیی وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە سەرانسەری جیهاندا زیاد دەکات، سووریاش تووشی شەپۆلی گەرما و کەمبارانی بووەتەوە.
لە مانگی حوزەیراندا رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) بە گوتی، سووریا "لە ماوەی 60 ساڵدا کەشوهەوای هێندە خراپی بەخۆیەوە نەبینیوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ