رووسیا هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر ئیدلبی سووریا و 34 چەکداری کوشت

13-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لە پارێزگای ئیدلبی سووریا هێرشێکی ئاسمانییان کردووە، بەوهۆیەوە 34 چەکداری دەستەی تەحریری شامیان کوشتووە. 
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رۆژی 11ـی تشرینی دووەم، هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا هێرشێکیان لە پارێزگای ئیدلبی سووریا بۆ سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان دژی حکومەتی سووریا، کردووە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیا، "لە هێرشەکەدا پەناگە و کەمپەکانی ر‌اهێنانی گرووپی تیرۆریستی بەرەی نوسرە (ناوی کۆنی دەستەی تەحریری شام) کراونەتە ئامانج."
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە، ئەو هێرشە لە وەڵامی هێرشی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان بووە بۆ سەر پێگەکانی حکومەتی سووریا، کە لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا، حەوت جار هێرشیان کردووە.
 
رووسیا پاڵپشتیکارێکی سەرەکیی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدە؛ بە هاوکاریی رووسیا و ئێران، دیمەشق توانی زۆربەی ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە ژێر دەستی خۆی، کە لە ماوەی 12 ساڵی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەدا کەوتنە ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆن و هێزەکانی دیکەی دەرەوەی حکومەتی سووریا.
 
دوای 12 ساڵ لە شەڕی نێوخۆی سووریا، پارێزگای ئیدلب تاکە ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی هێزە یاخییەکانی دژی حکومەتی سووریا مابێتەوە و گرووپە چەکدارە باڵادەستەکانی پارێزگاکە رەتیدەکەنەوە ناوچەکە رادەستی حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بکەن.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی دەربەدەر بوون.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە