رووداو دیجیتاڵ
چەند کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی سووریا و هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان، هێشتا ئاگاداری دۆخەکە نەبوو، بەڵام بەشێکی دیکەیان بە وردی باسیان کرد و یەکێکیان گوتی، "ئەوەی لە سووریا روودەدات، کارەساتە."
"پێم گوتراوە دۆخی کەمینەکان زۆر مەترسیدارە"
گلێن گرۆسمان، کۆنگرێسمانی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگوت، ئەوان هێشتا راستییەکانیان لەبارەی خۆپێشاندان و رووداوەکانی ئێران لەلا نییە. دیارە دڵمان لەگەڵ خۆپێشاندەراندایە، بەڵام هیچ زانیارییەکی نوێم لەبەردەست نییە."
لەبارەی بوونی زانیاریی نوێ لەبارەی رەوشی سووریا و، حەلەب بەتایبەتیش، گرۆسمان گوتی، "هەر ئێستا خەریکم زانیاری لەسەر ئەوە وەردەگرم. پێم گوتراوە کە [دۆخی کەمینەکان] زۆر مەترسیدارە، بەڵام راپۆرتێکی فەرمیم لەبەردەست نییە."
یەکێکی دیکە لەو کۆنگرێسمانانەی کە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردووە، سکۆت فیتزجێراڵدە. ئەویش بە هەمان شێوە گوتی، زانیاریی زۆری لەبارەی سووریا لەبەردەست نییە، "داوای لێبووردن دەکەم، پێم وایە زانیاریی پێویستم لەبەردەست نییە تاوەکو لێدوان لەسەر رەوشی ئێستا بدەم، بۆیە رەنگە قسەی لەسەر نەکەم."
"نائارامییەکی زۆر لە سووریا هەیە"
دیار کوردە پرسیاری ئەوەی کرد، بەگشتی مافی کەمینەکان لە سووریا چۆن دەبینن، بە تایبەتی کوردەکان کە شانبەشانی ئێوە دژی داعش جەنگان؟
فیتزجێراڵد لە وەڵامدا گوتی، "سووریا بە وڵاتێکی ناسەقامگیر دەمێنێتەوە. من دوو ساڵ لەمەوبەر لەوێ بووم، لەو کاتەدا هێشتا هەندێک کاری مرۆیی لەئارادا بوو، بەڵام دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە. پێم وایە سەرۆک لەسەر حەقە کە بەردەوام بێت لە چاودێریکردنی سووریا، تاوەکو بزانێت سەقامگیری لە کوێدایە، چونکە بێگومان نائارامییەکی زۆر هەیە وەک دەیزانین."
"کورد نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە عێراقیش دووچاری سەختی بوونەتەوە"
کۆنگرێسمان ئادەم سمیس، یەکێکی دیکە بوو لەوانەی قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد. سمیس لەبارەی رووداوەکانی سووریاوە گوتی، "ئامانجە سەرەکییەکە هەبوونی سووریایەکی یەکگرتووە، کە هەمووان لە حکومەتدا خاوەن دەنگ بن و گرووپە شەڕکەرەکان نەمێنن."
لەبارەی مافی پێکهاتەکانی سووریاش گوتی، "ئەگەر بمانەوێت سووریایەکی ئاشتیخواز و یەکگرتوو هەبێت، دەبێت ئەوان لەو گفتوگۆیانەدا بەشدار بن."
کۆنگرێسمان جیم کۆستا دەڵێت، "کوردەکان نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە عێراقیش دووچاری سەختی بوونەتەوە، پێم وایە گرنگە بە یەکگرتوویی بمێننەوە. بەرپرسیارێتییەکمان لەسەر شانە ئەگەر هەوڵ بدەین پەیوەندی لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەی سووریا دروست بکەین، ئاماژە بەوە بکەین کە ئێمە پەیوەندییەکی کارامان لەگەڵ کوردەکان هەیە."
جیم کۆستا گوتیشی، "بەداخەوە سووریا وڵاتێکی شکستخواردووە، ئەوەی لەوێ هەیە کۆمەڵێک گرووپی جیاوازە، وەک مافیای لێهاتووە؛ گرووپەکان بەپێی توانای رژێمە نوێیەکە مامەڵە دەکەن."
ئەو کۆنگرێسمانە نەیشاردەوە کە لەبارەی دۆخی کەمینەکانی سووریا نیگەرانە و گوتی، "نیگەرانم لەو بارەیەوە. مەبەستم ئەوەیە زۆر زەحمەتە مامەڵە لەگەڵ وڵاتێکی شکستخواردوودا بکەیت، سەرەڕای ئەو راستییەی کە هەوڵ دەدەین پشتگیریی هەوڵێکی نوێ بکەین بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانییەک، بەڵام ئایا سەرکەوتوو دەبێت یان نا، ئەوە کات دەریدەخات."
جیم کۆستا دەڵێت، "دەبێت تەنیا هەوڵ بدەین لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەی سووریا شێوازێکی کارکردنمان هەبێت کە هێڵی سووریان بۆ دابنرێت و پێویستە جەختی لەسەر بکەنەوە ئەگەر بیانەوێت بەردەوام بن لە وەرگرتنی پشتگیری لەلایەن حکومەتی ئێمە و جیهانی رۆژئاواوە."
"ئەوەی لە سووریا روودەدات کارەساتە"
کۆنگرێسمان رایڵی موور دەڵێت، "ئەوەی لە سووریا روودەدات کارەساتە. پێم وایە هێرشکردنە سەر هەر کەمینەیەکی ئایینی لە سووریا شتێکی ناخۆشە، بەتایبەتی چەوساندنەوەی کریستیانەکان کە بابەتێکە من لێرە لە کۆنگرێس قسەی زۆرم لەسەر کردووە. زۆر لەسەر چەوساندنەوەی کریستیانەکان لە سووریا، نایجیریا و هەموو جیهان قسەم کردووە. بەڵێ، بە تەواوەتی بابەتێکی جێی بایەخە."
موور دەڵێت، "ئەگەر کارەکانیان رێکنەخەن [مەبەستی گرووپە چەکدارەکانە]، ئەوا پێویستە بابەتەکە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە بگەڕێنینەوە."
ریچ مەکۆرمیک، کۆنگرێسمانێکی دیکەی ئەمریکایە، ئەو گوتی، ئەوەی لە سووریا روودەدات هەمان ئەوەیە کە لە بەنگلادیش روویدا.
دیار کوردە لە مەکۆرمیکی پرسی، ئێوە یاسای قەیسەرتان لاداوە بۆئەوەی دەرفەتێک بدەنە سووریا تاوەکو ببێتە وڵاتێکی گەشەسەندوو و گشتگیر بۆ هەمووان، بەڵام ئێستا پێشێلکاریی زۆر دژی کەمینەکان، وەکو کورد، دەبینین. بەم دواییانە هێرشیان کردە سەر هێزە کوردییەکان لە حەلەب و هاووڵاتییانی سڤیل کوژران و زۆر خێزان ئاوارە بوون. ئەمە چۆن دەبینن؟
مەکۆرمیک لە وەڵامدا گوتی، "هەمان شتە وەکو بەنگلادیش، هەمان شتە وەکو چەندین وڵاتی دیکەی جیهان. ئەوان تەنیا وڵات نین کە رەفتاری هەڵە دەکەن یان کۆنترۆڵیان نییە. سەیری هایتی بکە، رێک لە تەنیشت خۆمانە؛ سەیری ئەوە بکە چی لەوێ روودەدات. ئەمە لە هەموو جیهاندا هەیە. ئەمانە دانوستاندنی بەردەوامن و کارێکی سادە نین. ئەگەر سادە بوایە، ئێمە سزای هەموو کەسێکمان دەدا، چونکە هەمووان... رووسیا، هیندستان کە پشتگیریی رووسیا دەکات، ئێران کە کارە خراپەکان لە هەموو جیهاندا دەکات. چەندین کاراکتەری خراپ لەوێ هەن. پرسیارەکە ئەوەیە، کێ خراپترینە و چۆن رەفتارە باشەکان چاکدەکەیت و رەفتارە خراپەکان سزا دەدەیت؟ ئەوەیە دانوستاندنە بەردەوامەکان. ئەمە سادە نییە. دەبێت بە تێپەڕبوونی کات خەریکی ئەم بابەتە بین. تۆ ئازادییان پێ دەدەیت و دواتر دەڵێیت، باشە، ئێوە کارەکان تێکدەدەن، ئێمە ئەوەتان لێ وەردەگرینەوە. ئێمە بەپێی کارەکانتان بەسەرتاندا دابەشی دەکەین. ئەوە بەردەوامە."
"زۆر کەسی خراپ لە سووریا هەن کە چەکیان بەدەستەوەیە"
لەبارەی کارتی گوشاری ئەمریکاشەوە گوتی، "ئێمە کارتی گوشارمان بەسەر هەموو وڵاتێکدا هەیە. با راشکاو بین، ئێمە گەورەترین ئابووریی جیهانین و گەورەترین سوپای جیهانین. ئێمە کارتمان بەسەر هەموو کەسێکدا هەیە."
رووداو پرسیاری ئەوەی کرد، پەیامی ئێوە بۆ حکومەتی سووریا چییە کاتێک دێتە سەر پرسی مافی کەمینەکان و هێزە کوردییەکان؟
لە وەڵامدا ئەو کۆنگرێسمانە گوتی، "تەنیا کوردەکان نین، بەڵکو هەموو ئەوانەی لەوێن. ئێمە وڵاتی بەها و رەوشتین. ئێمە وڵاتێکین بڕوامان بە مرۆڤ هەیە. وڵاتێکین بڕوامان بە ئازادییەک هەیە کە لەلایەن خوداوە دراوە. نەک لەلایەن حکومەتی ئەمریکا یان حکومەتی سووریا، بەڵکو لەلایەن خوداوە دراوە. ئەمە مافی ئێمەیە. ئێمە لەسەر زەوی بۆ ئازادی، بۆ ژیان، بۆ سەربەستی و بەدەستهێنانی بەختەوەری دروستکراوین. ئەوە شتێکە کە حەز دەکەین لە هەموو جیهاندا بەرگریی لێ بکەین و دەیکەین. ئێمە کارتەکانمان بەکاردەهێنین، بەڵام کارێکی ئاسان نییە. زۆر ئاڵۆزە و کات و هەوڵ و دانوستاندنی دەوێت. یەک چارەسەر نییە کە وەک بڵێیت، تەماشا بکە هەموو شتێک خۆی چارەسەر بوو، ئەگەرنا دەمێک بوو ئەوەمان دەکرد. زۆر کەسی خراپ لەوێ هەن کە چەکیان بەدەستەوەیە. لە هەر وڵاتێکدا، 90%ی خەڵک ئاشتییان دەوێت، گەشەسەندنیان دەوێت، دەیانەوێت بۆ نەوەی داهاتوو بژین. ئەوە ئەو 10%یە کە چەکیان بەدەستە و شەڕخوازن، کێشە بۆ هەمووانی دیکە دروست دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ