ئیلهام ئەحمەد: دۆخەکە زۆر سەخت و هەستیارە و بۆ هەر رێککەوتنێک گەرەنتیی نێودەوڵەتیمان دەوێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، دۆخەکە زۆر "هەستیارە" و ئەمریکا تەنیا تەماشا دەکات.
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "دۆخەکە زۆر هەستیار و سەختە، بەهۆی ئەو خوێنەی لەنێوانماندا رژاوە، بەڵام ئێمە ئامادەی گفتوگۆین بەو مەرجەی دان بەوەدا بنرێت کە روویداوە و هێرشەکان دەستبەجێ رابگیرێن."
 
"رژێمی ئێستا هەمان لۆژیکی رژێمی پێشووی هەیە و دەڵێت: خۆتان رادەست بکەن"
 
ئیلهام ئەحمەد گوتی، "سوپای سووریا زیاتر لە 40 هەزار چەکداری لە ناوچەکانی مەسکەنە و دێر حافیر کۆکردووەتەوە، حکومەتی ئێستا رژدە لەسەر بژاردەی سەربازی و سەپاندنی ئیرادەی بە چەک، ئەمەش دەبێتە هۆی پشێوی، کە تەنیا سووریا ناگرێتەوە، بەڵکو دەگاتە عێراق و تورکیا و تەواوی ناوچەکە."
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوەشی گوت، "ئەوان داوای گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ هەر رێککەوتنێک، چونکە لە دەستووری سووریا هیچ ئاماژەیەک نییە باسی مافی کورد بکات، دیمەشق هەمان لۆژیکی رژێمی پێشووی هەیە و تەنیا دەڵێت، خۆتان رادەست بکەن."
 
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا، ئیلهام ئەحمەد گوتی، "دۆستە ئەمریکییەکە تەنیا تەماشا دەکات و هەوڵێکی جیدی نەداوە بۆ راگرتنی شەڕ."
 
رۆژی هەینی 09-01-2026 ئیلهام ئەحمەد رایگەیاندبوو، سەرەڕای رۆژانی پڕ لە تووندوتیژی لە حەلەب، کورد پابەندە بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی سووریا کردوونی. ئەو کات ئیلهام ئەحمەد دەسەڵاتدارانی سووریای تۆمەتبار کرد بەوەی، بە هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکان، "رێگەی شەڕیان هەڵبژاردووە" تاوەکو کۆتایی بەو رێککەوتنانە بهێنن کە پێشتر کراون.
 
شەڕی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. ئەم هەڵکشانانە لە کاتێکدان کە سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی شێخ مەقسوودی راگەیاندووە، بەڵام لایەنی کوردی حکومەت بە پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 تۆمەتبار دەکات.
 
ئەو رێککەوتنەی کە ئەمریکا، فەرەنسا و کەنەدا داوای جێبەجێکردنی دەکەن، تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوەکانی حکومەتی نوێی سووریادا. دیمەشق هەسەدە بە بەکارهێنانی نەخۆشخانەکان وەک مۆڵگەی سەربازی تۆمەتبار دەکات، بەرپرسانی کورد دەڵێن، حکومەت دەیەوێت لەرێگەی هێزەوە مافە سیاسییەکانی کورد لە سووریای دوای ئەسەد بسڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە