هاونیشتمانییەک لە کۆبانی: گرووپە چەکدارەکان باج لە خەڵک وەردەگرن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئەحمەد کالی، هاونیشتمانی
ئەحمەد کالی، هاونیشتمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندەواری کۆبانێ باس لە تاڵانکردن و سووتاندنی ماڵی هاونیشتمانییان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە دەکات و دەڵێت: ''رێگە بە دەربازبوونی خەڵک بۆ کڕینی سووتەمەنی نادەن و داوای باج دەکەن.''
 
نزیکەی مانگێکە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە، گەمارۆی سەر کۆبانی بەردەوامە. ئەحمەد کالی، هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی بەخدکی سەر بە کۆبانێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''دۆخمان هیچ باش نییە. سەرەڕای بەردەوامیی گەمارۆکان، کارەبا و ئاو بڕاون و سووتەمەنیش دەستناکەوێت.''
 
بەگوتەی ئەحمەد کالی، خەڵک بۆ دەستخستنی سووتەمەنی سەردانی بەنزینخانەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا دەکەن، ''بەڵام ئەوان سووتەمەنیمان پێنادەن و دەڵێن ئێوە چەکتان هەیە، لەکاتێکدا ئێمە سڤیلین و هەسەدە لێرە نییە.''
 
''عەمشات و حەمزات باج وەردەگرن''
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بە ناوی گرووپە چەکدارەکانی عەمشات و حەمزات کرد، کە سەر بە حکومەتی سووریان و گوتی، لەنێو گوندەکاندان و رێگە بە دەربازبوونی خەڵک نادەن بۆ کڕینی سووتەمەنی و ''دەڵێن جارێکی دیکە بێنەوە باجی سووتەمەنیتان لێ وەردەگرین.''
 
سەرەڕای رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، ئەحمەد کالی دەڵێ، تاوەکو ئێستا سوپای عەرەبیی سووریا لە گوندەکان نەکشاوەتەوە و هێشتا خەڵک لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین.
 
ئەو هاونیشتمانییە ئەوەشی خستەڕوو، گرووپە چەکدارەکانی عەمشات و حەمزات رێگە بە دەربازبوونی خواردن بۆ گوندەواری کۆبانی نادەن و رایگەیاند: ''یەکێک دەناسم دووکانى هەبوو، خواردنى هێنا، دواتر لەسەر رێگە گرتیان، چاویان بەست و 15 ملیۆن پارەیان لە ئۆتۆمبێلەکەى دەرهێنا و بردیان. دوای دوو کاژێر تەنیا ئۆتۆمبێلەکەیان دایەوە. خەڵک دەیەوێ خواردن بگاتە ناوچەکە، بەڵام ترسیان لە رێگەکان زۆرە.''
 
بەگوتەی ئەحمەد کالی ناوی ئەو کەسەی کە گرووپە چەکدارەکان پارەیان لێسەندووە، محەممەد حەسەن، هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی رەققەیە، ''لەو ناوچەیە دووکانى هەبوو، بەڵام دەڵێ جارێکی دیکە نایەمەوە، چونکە لەوانەیە دەستبەسەرم بکەن و بمکوژن.''
 
گوندی بەخدک بە دووریی نزیکەی 40 کیلۆمەتر کەوتووەتە رۆژهەڵاتی کۆبانێ. ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد، ئێستا 168 ماڵ لە گوندەکەدا دەژین، ''نازانین بۆ کوێ بچین، دەڵێن بچنە کۆبانێ بەڵکو هاوکاریمان بکەن، بەڵام لەوێش هیچ شتێک دەستناکەوێت.''
 
''شیری منداڵ نەماوە''
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان نەگەیشتووەتە ناوچەکەی ئەوان، ''ئەگەر بەپێی رێککەوتنەکە ئارامی دروست بێت، ئێمە هاوکاریمان ناوێ، ئەوان دەڵێن رێککەوتن کراوە بۆ تێکەڵبوونەوەی هێزەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نەگۆڕاوە و گەمارۆکان بەردەوامن.''
 
یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی کۆبانێ و گوندەوارەکە شیری منداڵە. ئەحمەد کالی ئاماژەی بەوە کرد، ''حەوت دووکان لە گوندەکەماندا هەن، کە خەریکە بەتاڵ دەبن. بۆ شیری منداڵ سەردانم کردن، بەڵام نەبوو. تەنانەت رۆیشتین بۆ کۆبانی، لەوێش هەر دەستنەکەوت.''
 
ئەو هاونیشتمانییە لەبارەی تاڵانکردنی گوندەکانەوە گوتی، گرووپە چەکدارەکانی عەمشات و حەمزات تاڵانکرندێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە، ''لە هەندێک گوند تەنیا دیوارەکان ماونەتەوە. دەرگە، پەنجەرە و  هەموو شتێکیان بردووە، هیچ شتێک لەنێو ماڵەکاندا نەماوەتەوە و هەندێک لە خانووەکان بە تەواوی سووتێنراون و 90٪ـیان تاڵان کراون.''
 
سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق 29ـی کانوونی دووەمی 2026 واژۆ کرا و شەڕ راگیرا، بەڵام هێشتا گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانی هەڵنەگیراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیش لەسەر شارەکە بڕاون. 
 
هاونیشتمانییان لە کۆبانێ داوای کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی و گەیاندنی هاوکاریی خێرا بە شارەکە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەمپی هۆل

زۆربەی خێزانە بیانییەکانی داعش کەمپی هۆلیان جێهێشتووە

سەرچاوە مرۆییەکان ئاشکرای دەکەن کە زۆربەی خێزانە بیانییەکانی چەکدارانی داعش، کەمپی هۆلیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) جێهێشتووە. ئەمەش پاش کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە.