رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات (مەسەدە) دەستوورى کاتیى سووریا رەتدەکاتەوە و پێیوایە بەشێوەیەکى نوێ ستەم بەرهەم دەهێنێتەوە و رێخۆشکەرە بۆ حوکمى ناوەندیێتی و دەسەڵاتى رەها، داوا دەکات جارێکى دیکە دابڕێژرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینى، 14ى ئادارى 2025، ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات (مەسەدە) راگەیێنراوێکى لەبارەى دەستوورى کاتیى سووریا بڵاوکردەوە و ئەو دەستوورەى رەتکردەوە.
مەسەدە رایگەیاندووە: "ئەو دەستوورە کاتییە بەشێوەیەکى نوێ ستەم بەرهەم دەهێنێتەوە و رێخۆشکەرە بۆ حوکمى ناوەندیێتى و دەسەڵاتى رەها، هەروەها دەسەڵاتى جێبەجێکردن و کارى سیاسى کۆتوبەند دەکات و پێکهێنانى پارتى سیاسى رادەگرێت ئەوەش رێرەوى گۆڕانى دیموکراسی پەکدەخات."
مەسەدە باڵى سیاسیی بەڕێوەبەرایەتى خۆسەرە لە رۆژئاڤاى کوردستان کە هەسەدە باڵە سەربازییەکەیەتى، لەو راگەیێنراوەدا دەڵێت: "بە تووندى هەموو هەوڵێک رەتدەکەینەوە بۆ بەرهەمهێنانى دیکتاتۆرى لە ژێر چەترى قۆناخى راگوزەر."
13ـی ئادارى 2025 کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد.
مەسەدە ئاماژەى بەوەداوە، هەر راگەیێنراوێکى دەستووریى هەبێت پێویستە لەسەر بنەماى سازانى نیشتیمانیى راستەقینە بێت نەک پڕۆەژەیەکى سەپێنراو لە یەک لایەن. داواى کرد ئەو دەستوورە دابڕێژرێتەوە کە گەرەنتى دابەشکردنى دادوەرانەى دەسەڵاتەکان و ئازادى کارى سیاسى بکات و دان بە مافى سەرجەم پێکهاتەکانى سووریا و پەیڕەوکردنى سیستمى حوکمى دیموکراسی و لامەرکەزى بنێت.
راگەیێندراوى دەستوورى بۆ ماوەى 5 ساڵە وەک قۆناخى راگوزەر دەبێت، تاوەکو هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ