رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن دەڵێت، ئەمریکا خوازیارە جگە لە هەسەدە، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش تێکەڵی حکومەتی سووریا بکرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، "لە کۆنگرێس پشتیوانی بۆ هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە."
ئەمڕۆ دووشەممە 14-07-2025، سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەمریکا و حکومەتی نوێی سووریای کرد.
سینەم محەممەد باسی لە رۆڵی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کرد و رایگەیاند، "رۆڵێکی زۆر گەورە دەگێڕێت لە هەموو ناوچەکەدا، لەنێوان تورکیا، سووریا، لوبنان و ئیسرائیل. هەروەها خۆی دەڵێت، هاتووە بۆئەوەی سیاسەتی ترەمپ لە ناوچەکە جێبەجێ بکات."
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن باس لە سیاسەتی ئەمریکا دەکات لە سووریا و دەڵێت، ئەمریکییەکان دەیانەوێت لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سووریا "بەپەلە" رێککەوتنێک بکرێت، "سیاسەتی ئەوان لەسەر بنەمای گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیرییە بۆ سووریا و دەڵێن، ماندوو بوون لە دۆسیەی ئەو وڵاتە. دەیانەوێت رزگاریان ببێت و هەرچی زووتر رێککەوتنێک بکرێت بۆئەوەی سەقامگیرییەکەی سووریا بدەنەوە دەست خۆیان و لەوێ دەربچن."
سینەم محەممەد گوتی، رێککەتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ''ئاسان'' نییە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ''ئێمەش پێمان وایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ شام. بەڵام ناکۆکییەک لەوەدا هەیە.''
11ی تەممووزی 2025 تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتی، "هەسەدە، یەپەگەیە؛ یەپەگەش لە پەکەکەوە سەرچاوەی گرت. یەپەگە لە پەکەکە جیابووەوە کە ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵ کرد بۆ شەڕی دژی داعش."
بەگوتەی نوێنەری مەسەدە لە واشنتن، ''کێشەی زۆر هەن کە چارەسەرنەکراون. هێشتا سەرەتای دانوستاندن و گفتوگۆیە لەگەڵ دیمەشق. لەوانەیە چەندین جار دانوستاندن بکرێت، تاوەکو دەگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش کە بتوانین مافەکانی گەلی کوردیشی تێدا مسۆگەر بکەین.''
''شەڕ لەنێوان کورد و حکومەت روونادات''
لە پارێزگای سوەیدای سوویا، شەڕ لەنێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی هۆزەکان روویداوە و وەزارەتی بەرگری دەڵێ، زیاتر لە 30 کەس کوژراون.
سینەم محەممەد لەبارەی ئەگەری روودانی شەڕ لە شێوەی شەڕی سوەیدا لە رۆژئاوای کوردستان یان لەنێوان حکومەتی سووریا و کورد دەڵێت: ''پێم وانییە ئەم شتە لەنێوان کورد و حکومەت رووبدات، ئێمەش نامانەوێت، شەڕی نێوخۆیی قبووڵ ناکەین. ئەگەر شەڕێکی نێوخۆیی دەستپێبکات، دۆخەکە بۆ هەموو سووریا زۆر خراپ دەبێت.''
ئەو نوێنەرەی مەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا حکومەتی سووریا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکە بکات و گوتی: ''لای دروز و عەلەوییەکان ئێستا کێشە دروست بووە، تەنانەت تاوەکو ئێستا ناتوانن حەلەب و حمس بە باشی کۆنترۆڵ بکەن، چونکە هێزیان بەشی ئەوە ناکات هەموو سووریا کۆنترۆڵ بکرێت و ئارامیی تێدا بچەسپێنن.''
بەگوتەی سینەم محەممەد، ئەمریکا داوا دەکات هێزەکانی سووریای دیموکرات بە خێرایی تێکەڵ بە سوپای سووریا بێت، ''بەڵام هەسەدە، هێزێکی سەرەکییە. ئەگەر ئەو هێزە بچێتە پاڵ سوپای سووریا، هێزە سەرەکییەکە دەبێت، ئەو بەهێزترینە و دیسپلینی هەیە، بەڵام ئێمە نازانین سوپای حکومەتی سووریا کێن.''
ژمارەیەکی زۆر گرووپی چەکدار لە سووریا هەن کە پێشتر بەشێکیان لەگەڵ هەسەدە لە شەڕدا بوون و هێرشیان دەکردە سەر ناوچە کوردستانییەکان. ئەو نوێنەرەی مەسەدە لە واشنتن دەڵێت، ''لە عەفرین و جەرابلوس گرووپە چەکدارەکان کۆکراونەتەوە و خۆیان دەڵێن سەر بە حکومەتن، بەڵام بەتەواوی نەچوونەتە ژێر دەسەڵاتی حکومەت.''
''کۆنگرێس پشتیوانیی هەسەدە دەکات''
سینەم محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانییەک بۆ هەسەدە هەیە و دەڵێن: "ئەمانە هاوپەیمانمانن، نابێ ئەمریکا وازیان لێبێنێت و داوایان لێ بکات بەبێ مەرج و بەبێ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد، تێکەڵی حکومەت ببن.''
سینەم محەممەد لەبارەی داواکەی باراک بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا گوتی: ''ئەوان دەیانەوێت بەپەلە رێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی هێزێک بدەنە حکومەتی شام، ئەو هێزە کێیە؟ هەسەدەیە. ئەگەر هەسەدە بەتەواوی بچێتە پاڵیان، هێزێکی گەورە دەدرێتە حکومەتی دیمەشق بۆ ئەوەی هێرشی زیاتری گرووپە چەکدارەکان [بۆ سەر حکومەت] روونەدات و دۆخەکە بەرەو خراپتربوون نەچێت.''
وەک ئەو نوێنەرەی مەسەدە لە واشنتن دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە و سوپای دیمەشق لەگەڵ بۆچوونی تۆم باراک هاوڕایە و ''دەیانەوێت هەموو دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاش وردە وردە تێکەڵی حکومەتی دیمەشق ببن.''
گوتیشی، ئەمریکا زۆر گوشار دەخاتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ئەوەی بە خێرایی لەگەڵ حکومەتی سووریا رێکبکەوێت، ''بەڵام زۆر خاڵ هەن کە هێشتا ناکۆکن، وەک دەستوور و زۆر شتی دیکە. ئێمە دەستووری ئێستا قبووڵ ناکەین. دەبێت دەستوورێکی نوێ هەبێت، ئێمەش تێیدا بەشدار بین. سووریایەکی دیموکراسی بۆ هەموو سووریاییەکان، ئەوە بۆ ئێمە گرنگە کە مافی گەلان و مافی کورد، تێیدا مسۆگەر بکرێت.''
سینەم محەممەد باس لەوە دەکات کە حکومەتی سووریا بۆچوونێکی ''ناوەندی'' بۆ دەسەڵاتداری هەیە و دەڵێت، حکومەتێکی ناوەندی ناتوانێت ناکۆکییە نێوخۆییەکان چارەسەر بکات، ئەمە زۆر ئەستەمە.''
ئەو نوێنەرەی مەسەدە دووپاتی کردەوە، ئەوان خوازیاری حکومەتێکی ناناوەندین بۆ سووریا و گوتی: ''دەکرێت فیدراڵی بێت، خۆبەڕێوەبەری بێت، یان بە هەر شێوەیەک هەرێمێک بێت کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆی هەبێت. ئێمە ناوەکەی نازانین، نامانەوێت بیڵێین، بەڵام دەبێت رێککەوتنێک لەو شێوەیە بکرێت. نابێ سووریا بگەڕێتەوە دۆخی پێشوو.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ