رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025، لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سووریا هێرش کرایە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). هەسەدەش حکومەتی دیمەشق بە بەرپرس دەزانێ.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، هێرشەکە لە نزیک پردی عەشارە لە شارۆچکەی دەرەنج لە کەناراوەکانی رووباری فورات روویداوە و لەلایەن "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق"ـەوە ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە هێزەکانیان خەریکی بەرپەرچدانەوەی هەوڵێکی قاچاخچێتی بوون لە رێگەی رووباری فوراتەوە.
هەسەدە دەڵێت، هێزەکانیان رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر و پێکدادانەکان لە ناوچەکە بەردەوامن.
هەسەدە جەختی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کردووەتەوە و حکومەتی دیمەشق بە "بەرپرسیاری تەواوی ئەم هێرشە و دابینکردنی پشتیوانی بۆ ئەو گرووپانەی سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن" دەزانێت.
بەشێکی گەورەی پارێزگای دێرەزووری سووریا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەسەدەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ