رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی دەستەی تەحریری شام دەڵێت، پلانی هێرشکردنە سەر دیمەشق و دەرکردنی بەشار ئەسەد لە سەرۆکایەتی، ساڵێکی خایاندووە. فەرماندەکە دەڵێت: "هەموو کەمینەکانی سووریا بەشێکن لەم نیشتمانە."
رۆژی هەینی، 13-12-2024، ئەبو حەسەن حەموی، فەرماندەی چەکداری دەستەی تەحریری شام لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی رایگەیاند، دوای ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکی حکومەتدا گرووپەکەیان لاوازکراوە، هەستیانکرد "کێشە بنچینەییەکە ئەوەبوو کە سووریا سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی نییە."
ئەبو حەسەن کە پێشتر سەرۆکی باڵی چەکداری گرووپەکە بوو گوتیشی: "بۆ چاککردنەوەی ئەو هەڵانە، هەتەشە ساڵی رابردوو دەستی بە پلاندانان کرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک، "ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی، بۆ ئەوەی ئەسەد دەربکرێت."
بەگوتەی ئەبو حەسەن، گرووپەکە سەرەتا "کۆنترۆڵی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا کرد و مەشقی پێکردن. هەروەها، پەیڕەوێکی تێروتەسەلی چەکداری نووسییەوە."
حەموی دەڵێت، هەتەشە لە هەنگاوی دواتر، دەستی بە یەکخستنەوەی هێزەکان و گرووپەکانی باکووری سووریا کرد، کە شەش ساڵ بوو لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەسەد بوون، ژوورێکی یەکگرتووی جەنگیان پەرەپێدا.
ئەبو حەسەن رایگەیاند: "ژووری جەنگ لە 25 فەرماندەی گرووپە جیاوازەکان پێکهاتبوو، کە دەیانتوانی لە دژی بەشار ئەسەد لە باشوورەوە جووڵە بکەن و هەتەشەش لە باکوورەوە، ئینجا لە دیمەشق یەکبگرن."
هێرشەکەی هەتەشە لە 25-11-2024 دەستیپێکرد، ئەمەش لە کاتێکدا ئێران و رووسیا، "دوو پشتیوانە بەهێزەکەی ئەسەد" بە کێشە و تەنگژەی دیکەوە سەرقاڵبوون.
دوای تێپەڕینی چەند رۆژێک، لە 08-12-2024 چەکدارەکان توانییان بگەنە شام؛ ئەمەش دوای ئەوەی حەلەب، حومس و حەمایان لە باکوور کۆنترۆڵکردبوو.
هێرشی ئەو گرووپانە بووە هۆی ئەوەی ئەسەد لە سووریاوە بەرەو رووسیا رابکات و حوکمی پەنجا ساڵەی بنەماڵەکەی کۆتایی پێبێت.
حەموی بەو رۆژنامە بەریتانییەی گوت: "ئێمە لەنێوان خۆمان رێککەوتنێکمان هەبوو، تاوەکو حەلەب نەکەوێت، نابێت دیمەشق بکەوێت."
فەرماندەکەی هەتەشە گوتیشی: "هێزی شۆڕشی سووریا لە باکوورەوە بوو، ئێمە بڕوامان وابوو هەر کە حەلەب ئازادکرا، دەتوانین بە ئاراستەی باشوور بەرەو دیمەشق بجووڵێین. ئێمە پێویستیمان بە جۆری جیاوازی درۆن بوو بۆ ئەوەی بتوانین بەرگە بگرین. لە سەرەتای 2019ـەوە دەستمان بە بەرهەمهێنانی درۆن کردبوو."
حەموی باسی لە جۆرێکی درۆن کرد کە ناوی "شاهین"ـە و بۆمبڕێژکراوە. ئەو فەرماندەیە لە باسی شاهین گوتی: "درۆنی شاهین بۆ یەکەمجار لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە دژی هێزەکانی ئەسەد بەکارهات."
هەتەشە لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە خراوەتە لیستی تیرۆر، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێشتر ئەو گرووپە ناوی (جەبهەتول نوسرە) بوو و سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو.
ئێستا ئیدارەی نوێی سووریا دەڵێت، کەمینە ئایینییەکان دەپارێزن.
حەموی گوتی: "دووپاتی دەکەینەوە کە کەمینەکانی نێو سووریا بەشێکن لەو نیشتمانە و مافی ئەوەیان هەیە سرووتە ئایینییەکانی خۆیان و پەروەردەیان پەیڕەو بکەن؛ هەروەک هەموو سڤیلێکی دیکەی سووریا کە مافی هەیە. رژێمی ئەسەد تۆوی دووبەرەکی چاندبوو، ئێمەش ئەوەندی لەدەستمان بێت ئەو دووبەرەکییە ناهێڵین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ