نەتەوە یەکگرتووەکان: 75%ی خەڵکی سووریا پێویستیان بە یارمەتییە

15-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان لە 13یەم ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریادا دەڵێت، "تەنیا چارەسەری سیاسی دەتوانێت هیوای سووریاییەکان بگەڕێنێتەوە. 16.7 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە."
 
رۆژی هەینی 15-03-2024 چەند بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرەکیی رێکخراوەکە لە جنێڤی سویسرا کۆبوونەوەیەکیان کرد و باسی دۆخی سووریایان کرد، ئەوەش دوای 13 ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕ.
 
ماتیو ساڵتمارش، گوتەبێژی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR گوتی، "زیاتر لە 16.7 ملیۆن کەس لە سووریا کە دەکاتە 75%ی دانیشتووانەکەی، پێویستییان بە یارمەتیی بەپەلەیە؛ ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە 2011وە."
 
یەکێکی دیکە لە ئامادەبووان جێنیفەر فێنتۆن، گوتەبێژی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا بوو. فێنتۆن گوتی، "ساڵیادی تراژیدیای جەنگی سووریا بە زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکان دەکەینەوە. ئەو تراژیدیایە پێدەنێتە 14یەم ساڵی تەمەنیەوە و تائێستاش هیچ چارەسەرێکی سیاسی دیار نییە."
 
فێنتۆن پەیامێکی گیەر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری سووریا خوێندەوە و گوتی، "نێردەی تایبەت، خۆڕاگری و بوێریی سووریاییەکان لەو مەینەتییەدا بەرز رادەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پەیامی ئەو روونە: تەنیا چارەسەری سیاسی بۆ راگرتنی ئەم تەنگژەیە دەتوانێت هیوای گەلی سووریا بێنێتەوە."
 
شەڕی 13 ساڵەی سووریا ملیۆنان کەسی ئاوارە و کۆچبەر کردووە. ساڵتمارش گوتی، "ئێستا سووریا گەورەترین قەیرانی مرۆییە لە جیهاندا کە UNHCR تۆماری کردبێت."
 
بەرپرسەکەی ئاژانسی پەنابەران چەند داتایەکی رێکخراوەکەی ئاشکرا کرد کە بەمشێوەیە بوون:
 
- 16.7 ملیۆن کەس لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە.
- 12.9 ملیۆن کەس ئاسایشی خۆراکیان نییە.
- ئەمساڵ 19 ملیۆن کەس لە وڵاتانی دراوسێی سووریا پێویستیان بە هاوکاری دەبێت.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاند، پارەی پێویستیان ناگاتە دەست بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و کەموکوڕییەکانی خەڵک. UNHCR باس لەوەش دەکات، "لە ساڵی 2023ـدا تەنیا ٪30 پارەی داواکراو گەیشتە دەستمان."
 
کەمبوونەوە و کورتهێنانی یارمەتییە مرۆیی و داراییەکان وای لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFP کردووە کە بڕیاربدات، "ئەمساڵ 88 هەزار خێزان کەمتر لە ساڵی رابردوو یارمەتی وەربگرن."
 
ماتیو ساڵتمارش گوتی، کورتهێنان لە یارمەتییەکان وا دەکات "منداڵان روو لەکار کردن بکەن، واز لە قوتابخانە بێنن، کچان لە تەمەنی زوو بەشوو بدرێن و تووندوتیژیی جێندەری زیاتر بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە