نەتەوە یەکگرتووەکان: مەرجەکانی سووریا بۆ کردنەوەی دەروازەی بابولهەوا قبوڵکراو نین

15-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لەو مەرجانەی کە سووریا دایناون بۆ درێژەدان بە گەیاندنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی دەروازەی بابولهەوا و دەڵێت: "مەرجەکان قبووڵکراو نین".
 
رۆژی شەممە، 15ـی تەممووزی 2023، فەرمانگەی هاوئاهەنگییە مرۆییەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، سووریا بۆ رێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابولهەوا دوو مەرجی داناوە. 
 
مەرجی یەکەم، وەک فەرمانگەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات ئەوەیە کە "حکومەتی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت نەتەوە یەکگرتووەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو قەوارانە بکات کە [سووریا] وەکو تیرۆریست ناساندوونی."
 
مەرجی دووەم کە سووریا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی داناوە ئەوەیە کە دەبێت هەردوو رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی و رێکخراوی خاجی سووری عەرەبی سووریا، "سەرپەرشتی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بکەن". 
 
رۆژی هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، بەسام سەباغ، نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە میدیاکانی راگەیاند، کە وڵاتەکەی رازیبووە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابولهەوا لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکاتەوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە، 11-7-2023، ئەو ماوەیە کۆتایی پێهات کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2014ـەوە درێژی دەکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابولهەواوە بۆ باکووری رۆژئاوای سووریا.
 
رۆژی سێشەممە، 12-7-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دەنگدان لەسەر کردنەوەی دەروازەی بابولهەوا بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکە کۆبووەوە، بەڵام رووسیا ڤیتۆی کرد و رێگەی نەدا کە کردنەوەی دەروازەکە بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکە درێژبکرێتەوە. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە باکووری رۆژئاوای سووریا پێویستیان بە ئاوی خواردنەوە، خۆراک و دەرمان هەیە. 
 
شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، لەوکاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ شەڕەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە