مەزڵووم عەبدی دەڵێت، لە دێر حافر و دەوروبەری دەکشێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بڕیاریان داوە هێزەکانیان لە ناوچەکانی بەریەککەوتن لە رۆژهەڵاتی حەلەب بکشێننەوە بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رووباری فورات.

رۆژی هەینی 16-01-2026 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەم بڕیارە وەکو وەڵامێکە بۆ داواکاریی وڵاتانی دۆست و لایەنە نێوەندگیرەکان، هەروەها بۆ نیشاندانی "نیازباشیی هەسەدە" بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025.

بەپێی گوتەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، پڕۆسەی کشانەوەکە رۆژی شەممە 17-01-2026، کاژێر 07:00ی بەیانی دەستپێدەکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب بۆ ماوەی دوو رۆژ بوو رووبەڕووی هێرشی تووندی سوپای عەرەبیی سووریا ببوونەوە.

ئەم بڕیارەی هەسەدە دوای زنجیرەیەک هەڵکشانی سەربازی و سیاسیی خێرا دێت. لە دوو رۆژی رابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا ناوچەیەکی فراوانی لە رۆژهەڵاتی حەلەب، لەوانەش دێر حافر و مەسکەنەی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و بە سەختی تۆپبارانی کردن، ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شەڕی گەورەی لە ناوچەکەدا دروست کردبوو.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هاتن، هەفتەی رابردوو سوپای سووریا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی لەناو شاری حەلەب کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون.

لەگەڵ ئەم گرژییە سەربازییانە، رۆژی هەینی 16-01-2026 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، فەرمانێکی مێژوویی دەرکرد و تێیدا دانی بە زمانی کوردیدا نا وەکو "زمانێکی نیشتمانی" و بڕیاریدا وڵاتینامەی سووری بداتە هەموو ئەو کوردانەی پێشتر بێ ناسنامە کرابوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا. وێنە: سانا

ئەحمەد شەرع: لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان دا زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتییەکان دا دەخوێندرێت

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا سووریا، رۆژی هەینی، 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد لە سووریا "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.