رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تۆپبارانی سەختی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆسەر شارۆچکەی دێر حافر لە رۆژهەڵاتی حەلەب بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکانی هەسەدە، تاوەکو ئەم ساتە چەندین گوللـە تۆپ بەر ناوچە ئاوەدانەکان و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان کەوتوون، ئەمەش مەترسیی زۆری بۆسەر گیانی مەدەنییەکان دروست کردووە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە سوپای عەرەبیی سووریا ناوچەکانی دێر حافر و مەسکەنەی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە، داوای لە هێزەکانی هەسەدە کردووە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بکشێنەوە.
پێکدادانەکانی نێوان دیمەشق و کورد لە 06-01-2026 لەناو شاری حەلەب دەستیپێکرد و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە دوای ئەوە هاتن کە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تووشی بنبەست بوو.
لەکاتێکدا گرژییە مەیدانییەکان بەردەوامن، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، روژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی مێژوویی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
پووختەی خاڵەکانی فەرمانەکەی سەرۆکی سووریا:
• دانپێدانان: هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان و ناسنامەی کولتووری و زمانەوانییان بە بەشێکی دانەبڕوای ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگی سووریای یەکگرتوو دادەنرێت.
• دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی فرەڕەنگیی کولتووری و زمانەوانی. هەروەها مافی هاووڵاتییانی کوردی دەپارێزێت لە زیندووهێشتنەوەی کەلەپوور، هونەر و گەشەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.
• زمانی کوردی: وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و وەک بەشێک لە سیستمی خوێندنی بژاردە و چالاکیی کولتووری و پەروەردەیی، رێگە بە خوێندنی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا دەدرێت لەو ناوچانەی کورد رێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی پێکدەهێنن.
• مافی کولتووری: دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی فرەڕەنگیی کولتووری و زمانی و مافی هاووڵاتییانی کورد بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور، هونەر و پەرەپێدانی زمانی دایکیان مسۆگەر دەکات.
• وڵاتینامە: هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا و رێکارە تایبەتەکانی سەرژمێریی ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە و پێدانی وڵاتینامەی سووری بە هەموو هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی سووریا، لەنێویاندا ئەوانەی بێ ناسنامەن، لەگەڵ هاوتاکردنی تەواوەتییان لە ماف و ئەرکەکاندا.
• نەورۆز: دیاریکردنی جەژنی نەورۆز (21ی ئادار) وەکو پشوویەکی فەرمیی بە مووچەوە لە سەرتاسەری سووریادا، بەو پێیەی جەژنێکی نیشتمانییە و گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات.
• دژایەتیی جیاکاری: دامەزراوە میدیایی و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پێویستە گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر پەیڕەو بکەن و هەر جۆرە جیاکارییەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان زمانی قەدەخەیە.
فەرمانەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ دەرکردنی رێنماییەکانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ