بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 2000 داعشی بیانی دادگایی دەکات

16-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرەڕای کەمیی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، دەست بە دادگاییکردنی بەشێک لەو داعشە بیانییانە دەکەن کە دەستگیریان کردوون.
 
رۆژی 15ـی حوزەیرانی 2023، بەدران چیا کورد، هاوسەرۆکی فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، "رێوشوێنی دادوەری بۆ دادگاییکردنی نزیکەی دوو هەزار چەکداری بیانی داعش دەستپێدەکات."
 
بەدران گوتی: "ئەوە نزیکەی پێنج ساڵە ئەو چەکدارانەی داعش راگیراون؛ ئێمە چیدیکە ناتوانین ئەو داعشانە بەبێ دادگایی بهێڵینەوە."
 
لە باسی شێوازی دادگاییکردنەکە، بەدران گوتی: "دادگاییکردنەکە بە ئاشکرا بەڕێوەدەچێت؛ چاودێران، پسپۆڕان و پارێزەران دەتوانن لە دادگاییکردنەکەدا بەشداربن؛ دادگاییکردنەکە زۆر شەفاف دەبێت."
 
بەدران، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان کرد، هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بکەن و بەڵگەکانیان پێشکەش بکەن. 
 
سەبارەت بە سزای ئەو چەکدارانە، بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی: "هیچ کەسێک سزای کوشتنی بەسەردا ناسەپێندرێت؛ هەرکەسێک ئەوەی بەسەردا ساخبێتەوە کە تاوانبارە؛ سزاکەی بریتی دەبێت لە بەندکردن."
 
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەخت لە گەڕاندنەوەی تیرۆریستە بیانییەکان دەکاتەوە بۆ وڵاتەکانیان؛ گەڕاندنەوەی تیرۆریستە بیانییەکان تەنیا رێگەچارەیە بۆ ئەوەی ئاسایشی کەمپەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا پارێزراو بێت." 
 
بەگوتەی بەدران چیا، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعشی بیانی لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە راگیراون و زیاتر لە هەشت هەزار چەکداری دیکەش، تۆمەتی ئەوەیان لەسەر بووە کە چەکداری داعش بوونە و بەشێکییان دادگاییکراون و سزادراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە