رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیى رووحانی دروزەکان داوا لە چەکدارەکانى سەر بەو پێکهاتەیە دەکات بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوە، چونکە هیچ رێککەوتن و دانوستاندنێکیان لەگەڵ هێزەکانى سەر بە حکومەتى سووریادا نییە.
چوارشەممە 16ـی تەمووزى 2025، سەرۆکایەتیی رۆحانی دروزەکان پەیامێکى لە بارەى رووداوەکانى چەند رۆژى رابردووى پارێزگاى سوەیدا بڵاوکردەوە، کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى درووزن.
سەرۆکایەتیی رۆحانی دروزەکان داوا لە شوێنکەتوانى ئەو پێکهاتەیە دەکات بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەى بە "تیرۆریست و تاوانکار" ناوى بردوون کە گوایە بۆ لەناوبردنی دروزەکان و سڕینەوەی بوونیان هاتوون.
لە پەیامەکەدا هاتووە، "ئێمە لە سەرۆکایەتیی رۆحانییەوە جەخت لە پێویستی بەردەوامبوون لەسەر بەرگریی رەوا و بەردەوامبوون لە شەڕکردن دەکەینەوە، تاوەکو رزگارکردنی تەواوی خاکی پارێزگاکەمان لەم گرووپانە، بەبێ هیچ مەرج و بەربەستێک و ئەمە بە ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی و ئەخلاقی دادەنێین، کە هیچ سڵکردنەوەیەکی تێدا نییە".
لە 13ـی تەمووزەوە پێکدادان لە نێوان هێزەکانى سەر بە حکومەتى سووریا و چەکدارانى دروز لە پارێزگاى سوەیداى باشوورى ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
سەرۆکایەتیی رۆحانی دروزەکان داواى لەو گرووپە چەکدارانە کردووە کە لە سوەیدا ماون چەک دابنێن و خۆیان رادەستی چەکدارەکانى سەر بە دروزەکان بکەن و دەڵێت، "هەرکەسێک چەکەکەی دابنێت، لە ئەستۆی ئێمەدایە و نابێت سووکایەتیی پێبکرێت و ئەشکەنجە بدرێت و بە خراپە وەڵامی خراپە نادەینەوە."
16ـی تەممووز، وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، حکومەت و کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگای سوەیدا، گەیشتنە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و گەڕاندنەوەی پارێزگاکە بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت. بەپێی رێککەوتنەکە، ئاگربەستێکی گشتگیر رادەگەیێندرێت، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لە شارەکەدا بڵاودەکرێنەوە و دامەزراوەکانی دەوڵەت کارا دەکرێنەوە.
بەڵام سەرۆکایەتى رۆحانی دروزەکان دەڵێت: "هیچ رێککەوتن و دانوستاندن و شەرعییەتپێدانێک لەگەڵ ئەم گرووپە چەکدارانەدا نییە، کە بە درۆ ناویان لە خۆیان ناوە حکومەت. هۆشداریش دەدەین، هەر کەس و لایەنێک لەم هەڵوێستە یەکگرتووە لابدا و بە شێوەیەکی تاکلایەنە پەیوەندی بکات یان رێکبکەوێت، ئەوا خۆی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە، بەبێ هیچ جیاکاری و سڵکردنەوەیەک".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ