سووریا بە هاوکاریی ئوردن و ئەمریکا پلانی هێورکردنەوەی دۆخی پارێزگای سوەیدا رادەگەیێنێت

16-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، پلانێکی نوێ بە پشتگیریی ئوردن و ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی پارێزگای سوەیدا خراوەتەڕوو. ئەو پارێزگایە لە مانگی تەممووزدا تووندوتیژییەکی تائیفی تێدا روویدا.
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 2000 کەس لە تووندوتیژییەکاندا کوژران، لەنێویاندا 789 هاووڵاتی دروز.
 
رۆژی سێشەممە 16-09-2025 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "حکومەتی سووریا نەخشەرێگەیەکی روونی بۆ کارکردن داناوە کە پشتیوانی لە دادپەروەری دەکات و متمانە دروست دەکات."
 
شەیبانی گوتیشی، پلانەکە بریتییە لە لێپرسینەوە لەوانەی هێرشیان کردە سەر هاووڵاتیان، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و "دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ئاشتەوایی نێوخۆیی."
 
بە گوتەی شەیبانی، جێبەجێکردنی ئەم پلانە هاوکات دەبێت لەگەڵ لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی تووندوتیژییەکان.
 
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کە لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە لە دیمەشق ئامادەبوو، رایگەیاند: "میکانیزمێکی هاوبەشی سووری-ئوردنی-ئەمریکی" جێبەجێکردنی پلانەکە مسۆگەر دەکات.
 
خوێنڕشتنەکە لە 13ی تەممووز بە پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروز و دەشتەکییە سوننەکان دەستیپێکرد، بەڵام بە خێرایی پەرەی سەند و هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی هۆزەکان لە بەشەکانی دیکەی سوریاشەوە چوونە نێوی.
 
دەسەڵاتدارانی سووریا دەڵێن، هێزەکانیان بۆ راگرتنی پێکدادانەکان دەستوەردانیان کرد، بەڵام شایەتحاڵان، دروزەکان و سەرچاوە نێوخۆییەکان بەوە تۆمەتباریان دەکەن کە لایەنگری دەشتەکییەکان بوون و دەستدرێژییان کردووەتە سەر دروزەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە