رووداو دیجیتاڵ
دوای سکاڵای کەنەدا و هۆڵەندا لەبارەی دیاردەی ئەشکەنجەدان لە سووریا، ئەمڕۆ دادگەی نێودەوڵەتی بڕیاری کۆتایی ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنچشەممە، 16-11-2023، دادگای نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری خۆی سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان لە سووریا دەدات. لێکۆڵەران لەوبارەوە دەڵێن، "لە 2011ـەوە دەیان هەزار کەس لە سووریا بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستداوە".
رۆژی 10-10-2023، کەنەدا و هۆڵەندا، داوایان لە دادگەکە کرد کە فەرمانی "بەپەلە" دەربکات بۆ راگرتنی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی سووریا و گوتیان، "هەموو رۆژێک بۆ زیندانییان گرنگە".
دوێنی چوارشەممە، میدیای فەرەنسا بڵاویکردەوە، دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا فەرمانێکی نێودەوڵەتی دەرکردووە بۆ دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و چەند بەرپرسێکی سەربازیی، بە تۆمەتی "بەکارهێنانی گازی کیمیایی لە نزیک دیمەشق، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس".
لە مانگی تشرینی یەکەمدا، دادوەرەکانی دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای گوێیان لە دانپێدانانی دەستگیرکراوەکانی سووریا گرت، کە تێیدا باسیان لە دەستدرێژیی سێکسی بەکۆمەڵ و بڕینی ئەندامەکانی جەستە و پێچانەوەیان بە تایەی ئۆتۆمبێل و لێدانیان.
کەنەدا و هۆڵەندا داوایان لە دادگەکە کردبوو "رێوشوێن" بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە لە سووریا رابگرێت و زیندانەکان بەرووی پشکنەرانی دەرەوەدا بکرێتەوە و زانیاری لەگەڵ خێزانەکان سەبارەت بە چارەنووسی کەسوکاریان بەشبکات.
بەپێی ئەو سکاڵایەی کە هەردوو وڵات تۆماریان کردووە، ئەشکەنجەدان بەشێوەیەکی "بەربڵاو" تائێستاش بەردەوامە، قوربانییەکان ئازاری جەستەیی و دەروونییان دەدرێت و دەستدرێژیی سێکسییان دەکرێتە سەر.
ئەو دوو وڵاتە بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیان، "دەیان هەزار کەس لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان گیانیان لەدەستداوە، یان پێشبینیی دەکرێت گیانیان لەدەستدابێت".
دیمەشق دانیشتنی یەکەمی لە 10ی ئۆکتۆبەر پشتگوێ خست، دوای ئەوەی دۆسیەکەی رەتکردەوە و تۆمەتەکانی بە "زانیاری هەڵە و درۆ" وەسفکرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەمترین پلەی متمانەپێکراوی نییە".
ئەو کاتە، رینی لفێبر، نوێنەری باڵای هۆڵەندا بە دادگەی راگەیاند، "لە دڵەوە پێمانوایە ژیان و بژێوی سوورییەکان لە مەترسییدایە و پێویستیی بە گرنگیدانی خێرای دادگە هەیە".
هۆڵەندییەکان یەکەم هەوڵیان لە ئەیلوولی 2020 دەستپێکرد بۆ ئەوەی سووریا بە بەرپرسیار بزانن لە پێشێلکردنی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجەدان، کە دیمەشق واژۆی لەسەر کردووە. کەنەدا لە مانگی ئاداری دواتردا پەیوەندیی بەو دۆسیەیە کرد.
رووسیا و چین لە ساڵی 2014 رێگرییان لە رەشنووسی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ رەوانەکردنی دۆسیەی سوریا بۆ دادگای نێودەوڵەتیی تاوان.
زیندووبوونەوەی ئەو پرسە دوای ئەوە دێت کە دوای زیاتر لە 10 ساڵ، بەشار ئەسەد گەڕایەوە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی کاتێک لە مانگی 5ی ئەم ساڵ بەشداریی لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ