ئەحمەد شەرع و سەرۆکوەزیرانی قەتەر داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سووریا دەکەن

16-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دەسەڵاتداریی قۆناخی راگوزەری سووریا و شێخ محەممەد عەبدولرەحمان جاسم ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر داوایانکرد ئیسرائل "دەستبەجێ" لە ناوچەی لە چەکداماڵراوی نێوان سووریا و ئیسرائیل بکشێتەوە. 
 
لەدوای کۆبوونەوەیان لە دیمەشق لە رۆژی پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر پاساوی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر سووریا هەبوونی حیزبوڵڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە ئێران بوون، بەڵام "ئێستا هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەی ئیسرائیل نەماوە لە دوای نەمانی هەژموونی ئێرانی لە سووریا."
 
هاوکات سەرۆکوەزیرانی قەتەر گوتی: "دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی لە چەکداماڵراو لەلایەن داگیرکاری ئیسرائیلییەوە رەفتارێکی سەرەڕۆیانە و سەرکۆنەکراوە و پێویستە دەستبەجێ بکشێتەوە."
 
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەکانی سوپای پێشووی سووریا و پاشان لەشکرکێشیی کردە سەر ناوچەی لە چەکداماڵراوی گۆلان لە نزیک ئەو بەشەی، کە لە ساڵی 1967 دەستی بەسەردا گرتبوو. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەستبەسەرداگرتنی ناوچە لە چەکداماڵراوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێلکارییە دژی رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974. 
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد، لەم پرسەدا، سووریا پشت بە پشتیوانیی قەتەر دەبەستێت کە لە ئاگربەستی غەززەشدا لە نێوان ئیسرائیل و حەماس رۆڵێکی کارای بینی. 
 
شەرع گوتی: "هەموو لایەک هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هاتنەپێشەوەی ئیسرائیل لە ناوچەکە هەڵەیە و پێویستە بگەڕێتەوە شوێنەکەی پێش ئەم پێشڕەوییە."
 
هاوکات سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، وڵاتەکەی "پشتیوانی لەم روانگەیە دەکات و هەموو ئامرازێکی بەردەست بۆ گوشارخستنەسەر ئیسرائیل بەکاردێنێت."
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر پێگەیەکی دەستەی تەحریری شام و سێ کەسی کوشت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە