سووریا

چەکدارێک دوای رووخانی، تەقە لە وێنەیەکی بەشار ئەسەد دەکات کە لەسەر باڵەخانەیەک کێشراوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، بڕیارە مانگی داهاتوو لووتکەیەکی تایبەت بە دۆخی سووریا و داهاتووی ئەو وڵاتە لە پاریس رێکبخرێت.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا، لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی پێنجشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کردووە و باسیان لە دۆخی سووریا کردووە. هەروەها باسیان لە بەڕێوەچوونی لووتکەی سووریا لە پاریس لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوو کردووە.
هەر لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، سەرۆکایەتیی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، "هەردوو سەرکردە، پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ قۆناخێکی پرۆسەیەکی رەوا و گشتگیری راگوزەری سیاسیی لە سووریا کە تێیدا، مافەکانی سەرجەم سووریاییەکان رێزی لێبگیرێت."
لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی فەرەنسادا هاتووە بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی سیاسیی و دارایی، بڕیارە سەرۆکایەتی فەرەنسا لە 13ی شوبات لووتکەیەک بەبەشداریی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی پەیوەندیدار بە سووریاوە رێکبخات.
رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2025، ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی دیمەشقی پایەختی سووریای کرد و لەوێ لەگەڵ سەرکردەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا کۆبووەوە و لەدوای سەردانەکەش، رایگەیاند، بەشێکی سزاکانی سەر سووریا بەتایبەت بۆ مەبەستی ئاسانکاری بنیاتنانەوەی وڵاتەکە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە هاووڵاتییان، هەڵدەگرن.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا راشیگەیاند: "ژمارەیەک سزا هەن کە گەیاندنی هاوکاری مرۆییان بە سووریا قورس کردووە و رێگریش لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دەکەن، ئەم سزایانە دەکرێت خێرا لاببرێن."
لەبارەی رۆڵی کورد لە سووریای نوێشدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا کە کوردن، بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لەو پڕۆسە سیاسییەدا بەشدار بن، کە ئێستا دەستیپێکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ