سکرتێری ئەلپارتی: بەمنزیکانە ئەنەکەسە و پەیەنەکە کۆدەبنەوە

17-01-2025
پەیمان محەممەد
نەسرەدین ئیبراهیم، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی).
نەسرەدین ئیبراهیم، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی).
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەلپارتی دەڵێت، گەشبینە "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا" ئەنەکەسە و پەیەنەکە کۆببنەوە. گوتیشی، پەیەنەکە بە فەرمی داوای پێشکێشکردووە شاندێکیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە.
 
رۆژی هەینی 17-01-2025، نەسرەدین ئیبراهیم، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشیکرد، لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لە پیرمام رایگەیاند، ''لە شەوی رابردووەوە خەڵک لە هەموو شارەکانی رۆژئاوای کوردستان رژاونەتە سەر شەقامەکان و پێشوازییەکی گەرم لەو هەنگاوە پیرۆزە دەکەن، ئێمە سوپاسی هەردوو سەرکردە دەکەین.''
 
دوێنێ پێنجشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی هەولێری کرد و لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و تاوتوێی بارودۆخی سووریا و چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانیان کرد.
 
نەسرەدین ئیبراهیم لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتنمانیی کورد (پەیەنەکە) کە دوو لایەنی سەرەکین و زیاتر لە 50 پارتی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان لەخۆدەگرن گوتی، ''تاوەکو ئێستا هیچ رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی پەیەنەکە و ئەنەکەسە دیاری نەکراوە، بەڵام دوو رۆژ لەمەوپێش برادەرانی ئێمە لە ئەنەکەسە، دوو رۆژیان مۆڵەت خواستووە.''
 
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، گرنگیی دیالۆگی کوردی - کوردی زیاتر بووە کە لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان، بەڵام سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
 
سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا گوتی: "بێگومان من گەشبینم کە دانیشتنەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێت و ئەنجامێکی گرنگیشی دەبێت، هەروەها یەکڕیزی و یەکگوتاریی ماڵی کوردی لێدەکەوێتەوە بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگییەوە بچێتە نێو کۆنگرەی نیشتمانیی سووریای نوێوە.''
 
وەک نەسردەین ئیبراهیم ئاماژەی پێدا، لیژنەیەکی ئامادەکاریی نۆ کەسی پێکهێندراوە بۆ ئەوەی زەوینە بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان خۆش بکات، گوتیشی، ''لیژنەکە پێکهاتووە لە نوێنەری پارتەکانی نێو پەیەنەکە، پارتە سەربەخۆکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کەسایەتیی سیاسیی سەربەخۆ.''
 
بەگوتەی سکرتێری ئەلپارتی، تەنیا نوێنەری ئەنەکەسە لە لیژنەکەدا نییە، ''بەڵام بڕیارە سەردانی ئەنەکەسەش بکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش ئەندامیان لە لیژنەکەدا هەبێت و هاوکار بن بۆ رێگەخۆشکردن و رێکخستنی کۆنگرە نەتەوەییەکە و تێیدا بەشدار بن''.
 
تاوەکو ئێستا چارەنووسی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریای نوێدا روون نییە، ئەوەش بەهۆی پەرتەوازەبوونی نێوماڵی کورد. نەسرەدین ئیبراهیم دەڵێت، ''پێویستە بۆ بەرژەوەندیی باڵای گەلی کورد، (پەیەنە و ئەنەکەسە) سازش بکەین، رێکبکەوین و دیالۆگی کوردی - کوردی دەستپێبکاتەوە.''
 
پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) یەکێکە لەو 24 پارتەی لەنێو هاوپەیمانیی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد لە سووریادان. سکرتێری ئەلپارتی لەبارەی ئەگەری سەردانیکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان گوتی، ''دەمێکە وەکو پەیەنەکە داوامان کردووە شاندێکمان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئەو وەڵامە ئەرێنییە کە ئێمە دەربازی باشووری کوردستان ببین، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان نەدراوەتەوە.''
 
بەگوتەی نەسرەدین ئیبراهیم، تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان نە رەتیکردووەتەوە کە شاندەکەی پەیەنەکە سەردانیان بکات، نە قبووڵیان کردووە، ''ئێمە لە رێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان داوای فەرمیمان پێشکێشکردوون.''
 
دەشڵێت، لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان، دەیانەوێت لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی دیکە کۆببنەوە، ''ئێمە دەمانەوێت هاوکار بن بۆ یەکڕیزیی ماڵی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.'' 
 
داواکاریی پەیەنەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەکاتێکدایە کە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە و بە فەرمیی بانگهێشتنامەی سەرۆک بارزانی بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیاند. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە