داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە

17-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا کۆبووەتەوە.
 
دوای ئەوەی کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد مانگی رابردوو رووخا، هیوای بەدیهاتنی دادپەروەری لە سووریا زیندووبووەتەوە.
 
ئاژانسی هەواڵی سانای فەرمی بڵاویکردەوە، شەرع و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ "شاندێکی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بە سەرۆکایەتی" کەریم خان کۆبوونەوە.
 
نووسینگەی کەریم خان ئاماژە بەوە دەکات، "لەسەر بانگهێشتی حکومەتی راگوزەری سووریا سەردانی دیمەشقی کردووە."
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەوەی چۆن دادگەکە دەتوانێت "هاوکاریی هەوڵەکانی دامودەزگەکانی سووریا بکات بۆ لێپرسینەوە لەو تاوانانەی گومان دەکرێت لە وڵاتەکەدا کرابن."
 
دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی شەرع سەرکردایەتیی ئەو هاوپەیمانییەی کرد کە لە 8ی کانوونی یەکەم ئەسەدی رووخاند، ئەوەش زیاتر لە 13 ساڵ دوای ئەوەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی دژی ئەسەد بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ کە زیاتر لە 500 هەزار کەسی تێیدا کوژران.
 
لە ماوەی شەڕەکەدا دەیان هەزار کەس لە زیندانەکانی وڵاتەکە دەستگیرکران و ئەشکەنجە دران، هەروەها ئەسەد تۆمەتباردەکرێت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لەوانە گازی قەدەخەکراوی سارین دژی خەڵکی.
 
راگەیێندراوەکەی نووسینگەی خان دەڵێت:"داواکار سوپاسگوزاری گفتوگۆی کراوە و بنیادنەری سەردانەکەی بوو."
 
"دادپەروەریی راگوزەر"
 
دەسەڵاتدارە نوێیەکان بەڵێنی دادپەروەرییان بە قوربانیانی تاوانەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد داوە و رایانگەیاندووە، ئەو بەرپرسانەی لە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان بەشداربوون لێیان خۆش نابن و داوایان لە وڵاتان کردووە "هەر تاوانبارێک رایکردبێت رادەستیان بکەنەوە بۆ ئەوەی دادگەیی بکرێت."
 
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان کە لە لاهای دامەزراوە و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ دەکات، نەیتوانیوە لێکۆڵینەوە لە سووریا بکات، چونکە دیمەشق هەرگیز پەیماننامەی رۆما کە پەیماننامەی دامەزراندنی دادگەکەیە، پەسند نەکردووە.
 
بە رۆیشتنی ئەسەد، ئێستا دەکرێت پرۆسەیەکی نیشتمانیی لێپرسینەوە لە سووریا دەستپێبکات و هەنگاو بنرێت بۆ پێدانی دەسەڵات بە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی ئەو تاوانانەی لە وڵاتەکە ئەنجامدراون.
 
رۆژی چوارشەممە، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق رایگەیاند، دادپەروەریی راگوزەر "زۆر گرنگە" بۆ سووریا دوای رووخانی ئەسەد.
 
مانگی رابردوو، تورک گوتی "بە هێزەوە" هانی دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا دەدات پەیماننامەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان پەسند بکەن و جەختی لە پێویستیی "دروستکردنی سیستمێکی یاسایی نێوخۆیی کرد کە رێگە بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە بدات".
 
هەروەها کانوونی یەکەم، سەرۆکی دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردانێکیدا بۆ سووریا رایگەیاند، دەکرێت "زیاتر لە پێویست" بەڵگە بدۆزرێتەوە بۆ تاوانبارکردنی کەسانێک بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە