رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەڵامی مەرسوومەکەی سەرۆکی کاتیی سووریا لەبارەی مافەکانی کورد دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، مافەکان بە "مەرسووم" پارێزراو نابن، بەڵکو دەبێت لە دەستوورێکی هەمیشەییدا بچەسپێندرێن.
شەممە 17-01-2026 بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو مەرسوومەی دایەوە کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی لە سووریا دەرچووە و تایبەتە بە مافەکانی گەلی کورد.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، "مافەکان بە مەرسوومی کاتی پارێزراو نابن، بەڵکو لە رێگەی دەستووری هەمیشەییەوە دەچەسپێندرێن و دەپارێزرێن، کە گوزارشت لە ئیرادەی گەل و سەرجەم پێکهاتەکان بکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەرکردنی هەر فەرمانێک بە هەر نیەتێک بێت، نابێتە "گەرەنتییەکی راستەقینە" بۆ مافی پێکهاتەکانی سووریا، ئەگەر نەبێتە بەشێک لە چوارچێوەیەکی دەستووریی گشتگیر کە مافی هەمووان بەبێ جیاوازی بپارێزێت.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی مەرسوومەکە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە کردووە، "هەرچەندە رەنگە وەک هەنگاوی یەکەم هەژمار بکرێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی هیوا و ئاواتەکانی گەلی سووریا نییە کە قوربانیی گەورەی بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی داوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختی کردووەتەوە کە چارەسەری ریشەیی پرسی ماف و ئازادییەکان لە سووریا، لەڕێگەی "دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیر و دەستوورێکی دیموکراسیی لامەرکەزی"ـیەوە دەبێت، بەجۆرێک کە هاوبەشیی راستەقینەی هەموو سوورییەکان گەرەنتی بکات.
مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەکو "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
لە فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026دا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، شوناسی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی شوناسی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە."
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکەیە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووری بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ