رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب دەڵێت، لەو دوو گەڕەکەدا هەندێک جووڵەی نائاسایی بەرامبەر کورد دەبینرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''ئەگەری هەیە لە داهاتوودا هێرشیشیان بە دواوە بێت.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-08-2025، نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد، لەبارەی دۆخی دوو گەڕەکە کوردنشینەکەوە رایگەیاند: ''دۆخێکی ئاڵۆز لەو گەڕەکانە هەیە و 15 رۆژ لەمەوپێش هێرشێکی میدیاییان کرایە سەر کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.''
نووری شێخۆ گوتی، ئەو هێرشە میدیاییە لەلایەن حکومەتی سووریا و لایەنە فەرمییەکانەوە کراوە ''بۆ ئەوەی ناسەقامگیری و نائارامی بڵاوبکەنەوە''.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی شەڕی راگەیاندنی حکومەتی سووریا دژی دوو گەڕەکە کوردییەکە کرد و گوتی: ''کاریگەری لەسەر هەموو شتێک دەبێت. ئێستا هەندێک جووڵەی نائاسایی بەرامبەر کورد بە رۆحێکی تۆڵەسەندنەوە هەیە. ئەگەری هەیە ئەم جووڵەیە لە داهاتوودا هێرشیشی لێ دروست بێ.''
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێن، لە چەند رۆژی رابردوودا درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بینراون کە تایبەت بوون بە ''حکومەتی کاتیی سووریا''. نووری شێخۆ دەڵێت: ''ئێستاش سووڕانەوەی درۆنەکان بەردەوامە و ئەوەش زیاتر بووەتە هۆی ترسی هاونیشتمانییانی دانیشتووی دوو گەڕەکەکە.''
بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریاوە بۆ سەر عەفرین ژمارەیەکی زۆر کوردی دانیشتووی عەفرین لە ساڵی 2018 ئاوارەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب بوون کە ئەو کات لەژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)دا بوون.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە گوتی: ''هیچ هێزێکی حکومەت لە ناوچەکەدا نییە کە بتوانێ ئاڵۆزییەکان کۆنترۆڵ بکات. گرووپە چەتە و شەڕخوازەکانیش ئەگەر بەرژەوەندییان لە شەڕدا مسۆگەر بێ، هەرگیز گوێ لە حکومەت ناگرن.''
12ـی ئاب، وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، دوو گرووپی شەڕڤانی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا لە ناوچەی تل ماعز لە رۆژهەڵاتی حەلەب و ئەوەش بووەتەهۆی دروستبوونی شەڕ و لە ئەنجامدا سەربازێک کوژراوە. نووری شێخۆ دەڵێت: ''ئێمە یەک مەتریش نەچووینەتە نێو خاکی ژێر کۆنترۆڵی ئەوان و هەر لە شوێنی خۆمان بووین.''
بەگوتەی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، ''ئێمەی کورد دەمانەوێ وەک هاووڵاتییەکی سووریایی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و لە دەرەوەی بەرژەوەندیی وڵاتانی دەوروبەر، کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین. نامانەوێ ئەم وڵاتە پارچە بێ، نامانەوێ 10ساڵی دیکە ئەم وڵاتە لەدەست بدەین. جگە لە سووریاییەکان، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانن کێشەکانی وڵاتەکە چارەسەر بکەن.''
نووری شێخۆ جەختی لە گرنگیی دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق کردەوە و گوتی: ''ئێمە رێگە بە دروستبوونی شەڕ لە حەلەب نادەین، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێک نییە، هەروەها داوای دەستوورێکی دیموکراسی، حکومەتێکی ناناوەندی و سڤیل بۆ وڵات دەکەین.''
لە 10ـی ئاداری ئەم ساڵدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا واژۆ کرد، بەڵام هێشتا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ