سووریا
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا وەڵامی چەند مووشەکێک دەداتەوە کە لە 20-07-2020 دیمەشق دەکەنە ئامانج. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی سەربازیی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشق. دەشڵێت. هێرشەکە تەنیا زیانی مادی هەبووە. سەرچاوە خۆجێیەکانیش باس لەوە دەکەن، چەند پێگەیەکی حیزبوڵڵا کراونەتە ئامانج.
بەپێی میدیای سووریا هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل کاژێر 02:25ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 17-11-2023 بووە، لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە هێرشکراوەتە سەر دەوروبەری دیمەشق.
سەرچاوەیەکی سەربازی کە نەیویستووە ناوی بهێندرێت، رایگەیاندووە، هێرشەکان تەنیا زیانی مادیان لێکەوتووەتەوە. هەروەها سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرپەرچی هەندێک لە مووشەکەکانی داوەتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی، "هێرشەکان چەند پێگەیەکی سەر بە حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج، هەر زوو چەند ئەمبوڵانسێک گەیشتوونەتە شوێنەکە."
پێشتر لە رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فڕۆکەی جەنگییان چەند پێگەیەکی سەربازیی سووریایان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ چەند مووشەکێک کە لە سووریاوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "فڕۆکە جەنگییەکان، لە کاردانەوەی ئەو مووشەکانەی دوێنێ (سێشەممە) بەرەو ئیسرائیل تەقێندران، چەند پێگەیەکی سەربازی و سەکۆی هاوێشتنی هاوەنیان سەر بە سوپای سووریا کردە ئامانج."
میدیای فەرمیی سووریا ئەوکات، گوتی، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 11 سەربازی سووریا کوژران و 10ی دیکە برینداربوون، جگە لە هەندێک زیانی مادی.
رۆژی 22-10-2023 ئاژانسی هەواڵی سووریا بڵاویکردەوە، "بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازیمان، ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 05:00ـی بەیانی، سوپای ئیسرائیلی دووژمن، لە دەریای نێوەڕاستەوە لە رۆژئاوای لازقیە و لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە چەند مووشەکێکی ئاراستەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و حەلەب کرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەدا لە فڕۆکەخانەی دیمەشق، کرێکارێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، هەروەها زیانی مادی بە رێڕەوی فڕینی هەردوو فڕۆکەخانەکە کەوت و وایکرد لەکاربکەون.
رۆژی 12-10-2023ش هەردوو فڕۆکەخانەکە بۆردوومانکران. لە 14ـی ئۆکتۆبەریش فڕۆکەخانەی حەلەب کرایە ئامانج.
لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریاوە لە ساڵی 2011 ئیسرائیل هێرشی ناوبەناوی بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانانە ئەنجامداوە و دەڵێت، ئامانجی ئەوەیە رێگە نەدات چەک و تەقەمەنی بگاتە دەستی حیزبوڵڵای لوبنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ