یەکێتیی ئەورووپا 235 ملیۆن یۆرۆ وەک یارمەتی بە سووریا و دراوسێکانی دەدات

18-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حەجە لێحبیب، بەرپرسی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی هەینی لە دیمەشقەوە رایگەیاند، بایی 235 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بۆ سووریا و وڵاتانی دراوسێی دابین دەکەن. 
 
سەردانی لێحبیب دوو هەفتە دوای سەردانی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا هات کە داوایان کرد قۆناخی راگوزەری دەسەڵاتی سووریا ئاشتیانە و فرەلایەن بێت، لە کاتێکدا وڵاتان دەستیان بە چالاکیی دیپلۆماسیی چڕ کردووە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا؛ لێحبیب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "هاتووم بۆ ئەوەی پاکێجێکی نوێی هاوکاریی مرۆیی بە بڕی 235 ملیۆن یۆرۆ بۆ سووریا و وڵاتانی دراوسێ رابگەیێنم."
 
گوتیشی: "ئەم پارەیەمان بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانە وەک شوێنی حەوانەوە، خۆراک، ئاوی خاوێن، خاوێنکاری، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە و فریاگوزاری."
 
وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ملیۆنان پەنابەری سووریایان وەرگرتووە.
 
لێحبیب گوتی: "داوا لە دامودەزگەکان دەکەین گەیشتنی بێ کۆتوبەندی کارمەندانی مرۆیی بۆ هەموو ناوچەکانی سووریا دەستەبەر بکەن، لەوانەش ناوچە دوورەدەستەکان و ئەو ناوچانەی کە ململانێ کاری تێکردوون" لە رۆژهەڵات.
 
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە 8ی کانوونی یەکەم، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. 
حکومەتێکی راگوزەر دامەزراوە بۆئەوەی تاوەکو یەکی ئادار، وڵات بەڕێوەببات.
 
هەتەشە کە لە بنەڕەتدا لقی رێکخراوی قاعیدە بوو لە سووریا، هەوڵیداوە دڵنیایی بە پێکهاتەکانی سووریا بدات کە زیانیان پێ ناگات و رێز لە یاسا دەگیرێت.
 
لێحبیب گوتی: "ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخانداین و ئەو بڕیارانەی لە رۆژ و مانگەکانی داهاتوودا دەدرێن، چارەنووسساز دەبن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە